لە یەمەن

خەریک بوو بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بكوژرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند ئەمڕۆ كاتێك هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل کرایە سەر فڕۆكەخانەی سەنەعا، ئەو لەوێ بووە.

ئەدهانۆم لە بارەی چوونی بۆ یەمەن وتی، سەردانەكەی بە مەبەستی دانوستاندن بوو بۆ ئازادکردنی کارمەندانی دەستبەسەرکراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی و مرۆیی یەمەن بوو، كە ئەمڕۆ کۆتایی هات.

بەڕێوەبەری رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە توویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی “X” درێژەی بە قسەکانی دا و نووسیویەتی: “کاتێک خەریک بوو لە سەناعەوە سواری فڕۆکەکەمان ببین، فڕۆکەخانەکە کەوتە بەر بۆردومانی ئاسمانی”.

وتیشی: “یەکێک لە کارمەندانی فڕۆکەکە بریندار بووە، هەواڵی ئەوەشیان دا لانیکەم دوو کەس لە فڕۆکەخانە گیانیان لەدەستداوە، تاوەری کۆنتڕۆڵی ئاسمانی، هۆڵی رۆیشتن کە تەنیا چەند مەترێک لە شوێنەکەمانەوە دوورە، هەروەها رێڕەوی فڕینیش زیانیان بەرکەوتووە”.

ئەدهانۆم كاتێك توویتەكەی كردووە، باسی ئەوەی كردووە هێشتا یەمەنی بەجێنەهێشتووە، لە کاتێکدا چاوەڕێی چاککردنەوەی زیانەکانی فڕۆکەخانە بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند هێرشی كردووەتەسەر فڕۆكەخانەی سەنەعا و بەندەری حویدەدە و چەند پێگەیەكی دیكە.

تەندروستی جیهانی ناتوانێت یارمەتی بگەیەنێتە غەزە

تەندروستی جیهانی ناتوانێت یارمەتی بگەیەنێتە غەزە