پیشەوەر دەبێ خۆی ئامادەبێ
شارەوانی ناونوسینی پیشەوەرەکانی هەڵەبجە دەستپێدەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
شارەوانی هەڵەبجە، دەست بە ناونووسینی پیشەوەرانی پارێزگاکەی دەکات و هەر پیشەوەرێک خۆی ئامادە نەبێت، مافی ناونوسینی نابێت، ئەمە بڕیاری شارەوانی خۆیەتی.
سبەی پێنجشەممە 26.12.2024، یەکەم رۆژی ناو نوسینەکەیە و شارەوانی دەڵێ، رۆژانی دواتریش بەردەوام دەبن.
لە ئاگادارییەکدا کە ئەمشەو 25.12.2024 وێنەیەکی بە 964 گەیشتووە، سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە لە پێگەی خۆی لە فەسیبووک دەڵێت، لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە سبەینێ پێنجشەممە و رۆژانی دوایی بەشێوەی مەیدانی هەڵدەستن بە ناونوسینی پیشەوەرانی سنوری شارەوانی.
لیژنەکە، سەردانی سەرجەم شوێنکاری پیشەوەران دەکات، شارەوانی هەڵەبجە دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە داواکارین خاوەن پیشەکان ئامادەبن، وە سبەینێ کاتژمیر 1:00ی پاشنیوەڕۆ، لە دەروازەی شار لیژنەکە دەست بەکارەکانیان دەکەن و بە ئامادەنەبوونی پیشەوەر، مافی ناو نووسینی نامێنێت.
ناوچەی پیشەسازی هەڵەبجە لە ساڵی 2014وە، دەستکراوە بە دروستکردنی، بەڵام هێشتا تەواو نەبووە زۆرینەیان لە ناو ماڵەکاندان و نیگەرانی دروست کردووە، داتا کردنی ناوی پیشەوەرەکان بەشێکە لە پاکێچی پڕۆژەکە، کاتێک شارەوانی دەست بە دابەشکردنی دەکات.