ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کۆچبەرانە
زیاتر لە 760 هەزار هاوڵاتی کوردستان و عێراق کۆچیان کردووە
964+
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی کۆچبەرانە و لە ماوەی 10 ساڵیشدا زیاتر لە 760 هەزار هاوڵاتی کوردستان و عێراق کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 600 کەسیان لەو رێگایەدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
ئەمڕۆ 24 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ڕۆژی جیهانی کۆچبەراندا، کە لە ساڵی 2000 دا نەتەوە یەكگرتووەكان رۆژی 18ـی 12ـی هەموو ساڵێكی وەك رۆژی جیهانی كۆچبەران دیاریكرد.
ماردین حەمید بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بە 964ـی وت، “بەپێی ئەو ئامارەی لەبەردەستمان دایە، لە ساڵی 2015ـەوە تائێستا، 763 هەزار و 398 هاوڵاتی تەمەن سەروو 18 ساڵی هەرێمی كوردستان و عێراق كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە و داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا كردووە”.
“هەر لە ماوەیەدا 345 كۆچبەری خەڵکی کوردستان و عێراق لە رێگای كۆچدا گیانیان لەدەستداوە و 248 كۆچبەریش بێسەروشوێنبوون”، ماردین حەمید وای وت.
بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای لوتکە ئاشکراشی کرد، زۆرترین ژمارەی كۆچبەرانی هەرێم و عێراق لە ساڵی 2015 تۆماركراوە، كە تەنیا لەو ساڵەدا 186 هەزار و 422 كەس كۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات كردووە.