"بایکۆت بکەین، زەرەرمەندی یەکەم زمان و شوناسی کورد دەبێت"
مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە خورماتوو دژی دواکەوتنی موچە گردبوونەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە خورماتوو کە سەر بە میلاکی ھەرێمی کورستانن، دژی دواکەوتنی موچەکانیان گردبوونەوە و ناڕەزاییان ئەنجام دا.
بەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـیان راگەیاند، ژمارەیان زیاترە لە 500 مامۆستا و داواکارن راژەی موچەکانیان لەسەر ھەرێمەوە بخرێتە سەر عێراق و لەو دۆخەی کە تێیدان رزگاریان بێت، کە بە قسەی خۆیان پشتگوێخراون و کەس گوێیان لێناگرێت.
ئاماژەیان بەوەش کرد، بەپێی هەڵکەوتەی ناوچەکەیان، دۆخیان ھەستیارە و ناتوانن وەک ناوچەکانی دیکەی کوردستان بایکۆتی دەوام بکەن و قۆتابخانەکان جێبھێڵین، چونکە بە قسەی خۆیان، “ئەگەر خوێندنی کوردی لە خورماتوو پەکی بکەوێت، زەرەرمەندی یەکەم لەو ناوچەیە زمان و شوناسی کورد دەبێت”.
ئەوەش لە کاتێکدا دوای زیاتر لە دوو مانگ، دوێنی سێشەممە 17.12.2024 دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی 10ـی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا و تا رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری