“دوا شەوی دابەزینی عیسا” بۆ جاری دووەم بە زمانی ئەڵمانی چاپکرایەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە ماوەی کەمتر لە سێ مانگدا رۆمانی “دوا شەوی دابەزینی عیسا” لە وڵاتی نەمسا بۆ جاری دووەم چاپکرایەوە، وەرگێڕەکەی دەڵێت: پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە و کاری تری نووسەریش وەردەگێڕن.

دوا شەوی دابەزینی عیسا، کۆتا رۆمانی نووسەر شێرزاد حەسەن و دوای ئەو بەرهەمە تا ئێستا هیچ رۆمانێکی تری بڵاونەکردووەتەوە.

راوێژ سەلیم، وەرگێڕی رۆمانەکە بۆ زمانی ئەڵمانی بە تۆڕی964ی راگەیاند: هەڵبژاردنی ئەو رۆمانە بەو هۆیەوە بوو، کە باس لە پرسێکی جیهانی دەکات، پەیوەست بە مرۆڤایەتی و پرسیارەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئایین و یەکسانی و تاوان.

دەشڵێت، تیراژی یەکەمی هەزار کۆمپی بوو و بەکەمتر لە سێ مانگ هەمووی فرۆشرا، بڕیارە جاپی دووەمیشی تیراژەکەی هەر هەزار دانە بێت.

وەرگێڕانی رۆمانەکە ماوەی ساڵێکی پێچووە و دەزگای کلینگینبێرگ لە وڵاتی نەمسا چاپ و بڵاویکردووەتەوە.

“ئێستا چەند رۆمانێکی تری نووسەرمان بۆ هەمان چاپخانە پێشنیار کردووە وەریان بگێڕین”، راوێژ سەلیم وای وت.

شێرزاد حەسەن، نووسەرێکی دیار و بەناوبانگی هەرێمی کوردستانە و خەڵکی هەولێرە، حەسار و سەگەکانی باوکم، تەنیایی، تەمی سەرخەرەند، ژنێکی منگن لە دیارترین رۆمانەکانی ئەو نووسەرەن.