47 پڕۆژەی بۆ منداڵان پێ بوو

وار چایڵد لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا

دوای 10 ساڵ کارکردن و ئەنجامدانی 47 پڕۆژە، رێکخراوی وار چایڵد “منداڵانی جەنگ” نوسینگەی خۆی لە عێراق دادەخات و دەکشێتەوە، بڕیاری ئەو رێکخراوە، هاوتایە لەگەڵ هەنگاوی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە سەرنجی خۆیان لە عێراق لە کاری مرۆییەوە، گواستووەتەوە بۆ پلانی گەشەپێدانی بەردەوام.

وار چایڵد لە ساڵی 2004 دەستی بە کارکردن لە عێراق کرد بە چالاکی بچووک لە بەغدا، ساڵی 2015 فراوانتر بوو بۆ هەرێمی کوردستان و بەشداربوو لە وەڵامدانەوەی ئەو پێداویستییانەی بەهۆی شەڕەوە “جەنگی داعش” پەرەی سەندبوو، لە هەولێر، موسڵ و بەغدا، لە بوارکانی پەروەردە، پاراستن و پاڵپشتی دەروونی کۆمەڵایەتی و دەرفەتی پیشەیی کاری هەمەلایەنەی بۆ منداڵانی ئاوارەی جەنگ کرد.

رێکخراوەکە باس لەوە دەکات کە لە ماوەی کارەکانیدا، 47 پڕۆژەی لە سەرانسەری ناوچەکانی عێراق تەواوکردووە، کە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەو پڕۆژانە بریتی بوون، لە دەستپێشخەرییەکانی بەهێزکردنی ئابووری و بژێوی ژیان بۆ ئەو گەنجانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە.

بە ڕای ئەوان، منداڵان لە سەرانسەری عێراق قورسایی مێژوویەکی پڕ لە گێژاوی شەڕ و توندوتیژییان لە ئەستۆ گرتووە، لە هەمووی بەرچاوتر کاتێک لە ساڵی 2003 هاوپەیمانییەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر عێراق “بۆ روخاندنی حکومی بەعس”، ململانێیەکی درێژخایەنی لێکەوتووەتەوە کە تا ساڵی 2011 کاریگەرییەکانی بەردەوامی هەبووە.

فلوترا گۆرانا، بەڕێوەبەری ناوچەیی وار چایڵد بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندووە، شانازی بەو کارانە دەکەن کە وار چایڵد لە عێراقدا بە ئەنجامی گەیاندووە و گەیشتنی ئێمە بەو قۆناغە هەنگاوێکی ئەرێنییە، ئەوەش رەنگدانەوەی باشتربوونی بارودۆخی وڵاتەکەیە شانازی بەو کاریگەرییە مانادارە دەکەین کە بەدەستمان هێناوە لەسەر تەندروستی و باشترکردن، دەستپێشخەرییە ئەرێنییەکان بۆ چەندین ساڵی داهاتوو دەمێننەوە.

War Child بەرنامە و چالاکییەکان بۆ منداڵانی زیانلێکەوتووی ململانێ لە 16 وڵاتدا پێشکەش دەکات، لەوانە (ئەفغانستان، بوروندی، کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، کۆڵۆمبیا، کۆنگۆ، ئەڵمانیا، عێراق، ئوردن، لوبنان، فەڵەستین، باشووری سودان، سوید، سوریا، ئۆگاندا ، ئۆکرانیا و یەمەن)، هەروەها ئۆفیسیان لە هۆڵەندا و بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە.

دیمەنەکان کاری رێکخراوەکە نیشان دەدات؛