"هۆکارەکە روون نیە"
لە وادەکەشی تێپەڕی؛ غازەکەی ئێران بۆ عێراق نەگەڕاوەتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
لەدوای تێپەڕبوونی 20 رۆژ هێشتا هەناردەی غازی سروشتی ئێران بۆ عێراق دەستی پێنەکردووەتەوە، لە کاتێکدا پلان وابوو بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بۆریی گواستنەوەی غازەکەوە تەنیا 15 رۆژ هەناردەی رابگیرێت.
ئەوەش بێ کاریگەری نەبووە، بەڵکو کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە و بەرهەمهێنانی 5500 مێگاوات کارەبا کەمی کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 14.12.2024، ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە ئاژانسی فەڕمی INAی رایگەیاند، عێراق هۆکارەکەی لا روون نییە و لایەنی ئێرانیش دەڵێن، هێشتا پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی بۆریی گواستنەوەی غاز تەواو نەبووە، بۆیە هەناردە دەستی پێ نەکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا بەهۆی کێشەکەوە کارەبا کەمتر بەرهەمدێت و لەهەمان کاتیشدا بەشێکی وێستگەکان لەژێر نۆژەنکردنەوەدان، بۆیە بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لە خوارووی 15 هەزار مێگاواتەوەیە، لە کاتێکدا پێشتر تێكڕای بەرهەمهێنانمان 19 هەزار مێگاوات بوو.