ناوچەی مێرگەپان
زیاتر لە 500 شاخەوان لە 60 گرووپەوە چوونەسەر شاخی چایەر
+964
عەزیز عەبدوڵا- گۆپتەپە
لەگەڵ ئەوەی كەشوهەواكەی ساردە و باراناوی بوو، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لەوەی نزیكەی 500 شاخەوان لە هەموو شارەكانی كوردستان و رۆژهەڵاتەوە كۆببەنەوە و بچنە سەر شاخی چایەر لە نزیك مێرگەپان.
ئەو پیادەڕۆییە بۆ سەر شاخەكە ئەمڕۆ هەینی 13.12.2024 بە بۆنەی دوو ساڵەی دامەزراندنی تۆڕی شاخەوانیی كوردستان رێكخرا، بەشێكیش بوو لە چالاكییەكانی رۆژی جیهانیی شاخ، كە دوێنێ بوو.
بەرپرسی چالاکییەکانی تۆڕی شاخەوانیی کوردستان نەسرەدین ڕەوف بە 964ی وت، “ئەمڕۆ بە بەشداریی زیاتر لە 500 شاخەوان لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان، كە زیاتر لە 60 گرووپ دەبوون، گەشتێك بۆ شاخی چایەر لە نزیک مێرگەپان ئەنجامدرا، کە بەرزییەکی 2108 مەترە”.
وتیشی، هەر لە چالاكییەكەدا زیاتر لە هەزار 500 دەنگە بەڕوو لە شاخەكە چێندرا، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ببنە داربەڕوو لە شاخەكەدا.
لە ڤیدیۆی چالاكییەكەدا، كە بۆ 964 نێردراوە، دەردەكەوێت كەشێكی خۆش و چاخواردنەوە لە ناو بەشداربوواندا رێكخراوە و بەشدارییەكی فراوان هەیە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا