ئەوانەى مۆڵەتیان نییە تێکدەدرێن
بڕیارێکى داواکارى گشتى خاوەن پڕۆژەکانى حەوزى ماسى هێنایە سەر جادە و گردبوونەوە
964+
گۆڤەند فەتاح – تەقتەق
خاوەن پڕۆژەکانى حەزى ماسى لە سنوورى تەقتەق، دژى بڕیارێکى داواکارى گشتى گردبوونەوە و بەپێى بڕیارەکە بێت، ئەو پڕۆژانەى مۆڵەتیان نییە دەبێت تێکبدرێت، قایمقامیش هەواڵى خۆشى بۆ خاوەن پڕۆژەکان پێیە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2024.12.10، ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن پڕۆژە حەوزە ماسییەکانی سنووری تەقتەق دژی بڕیارێکی داواکاری گشتیی تەقتەق گردبوونەوە، کە دەبێت ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتییان نییە و مەرجەکانی ئەوانیان جێبەجێنەکردووە، تێکبدرێن.
جگە لە ژمارەیەکی کەم نەبێت لەو سنوورە کە مۆڵەتی فەرمییان هەیە، سەرجەم پڕۆژەکانى دیکەى حەوزى ماسى لەبەر جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی ئیدارەی شارەکە تا ئێستا مۆڵەتییان پێنەدراوە، کە مەرجە نێوانی حەوزەکان 500 مەتری نێوان بێت.
توانا محەمەد، خاوەن پڕۆژەی ماسی، بە 964ـی وت،”لەبەر ئەوە دژی ئەو بڕیارەین، قوتی خەڵک بە یەکجاری دەبڕدرێت، زیاتر لە هەزاران کەس لەو سنوورە بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی ماسییە، ئەگەر ماسی نەبێت نازانین چ ئیشێکی تر بکەین”.
وتیشی، ناکرێ ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، چونکە پێمان وایە بڕیارەکە تاکەکەسییە و لە بەرژەوەندی ئێمەدایە نییە.
لەسەر ئەو کێشەیە ئاسۆ مستەفا، قایمقامی قەزای تەقتەق، بە 964ـی وت، بەشێکی زۆری ئەو حەوزە ماسییانەی تەقتەق زیاتر لە 20 ساڵە هەیە، دەبێت پێداچوونەوەیەک لەو بڕیارە بکرێت و بڕیارێکى تایبەت بۆ حەوزەکانى ماسى تەقتەق دەربچێت، چونکە ناکرێ ئەو پڕۆژانە تێکبدرێن و لە ناوببرێن.
ئاسۆ مستەفا وتیشی،”دەکرێ بۆ ئەو حەوزە نوێیەیانەی کە دروست دەکرێن، بە پێی رێنماییەکان مۆڵەتی پێبدرێت، ئێمەش بە هەموو توانایەک هاوکارییان دەبین، بەڵام هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن چارەسەرێک بۆ حەوزە کۆنەکان بدۆزرێتەوە نەک تێکبدرێن”.
بە پێی داتای هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق، ژمارەی ئەو حەوزە ماسییانەی لە سنووری تەقتەق بوونیان هەیە 1270 حەوزە، ژمارەیەک لەو حەوزانە مۆڵەتییان هەیە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح