رۆژی دووشەممە بەڕێوەدەچێت
بەرنامەی کاری یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرایەوە
964+
شۆڕش قادری
بەرنامەی کاری یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرایەوە، کە رۆژی دووشەممە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی بەرنامەکە، دانیشتنەکە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 2.12.2024 دەستپێدەکات و پاش خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز و یەک دەقیقە وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان، سەرۆکی دانیشتنەکە، کاندیدە هەڵبژێردراوەکان بانگهێشت دەکات بۆ سوێندخواردنی یاسایی و پاشان دانیشتنەکە بەپێی پەیڕوەی ناوخۆی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت.
لە یەکەم دانیشتندا، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمان بانگی بەتەمەنترین ئەندام دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی دانیشتنەکە، ئەم سەرۆکە ئەرکەکەی دیاریکراوە و سەرپەرشتی سوێندخواردن و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەکات، لەم خولەدا محەمەد سلێمان محەمەد سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ بەتەمەنترین ئەندامە (76 ساڵ) ئەو دەبێتە سەرۆک، نازاندرێت ئەمە بە رێکەوت روویداوە، یان نەوەی نوێ بە مەبەست ئەو کاندیدێکی بەتەمەنی داناوە لەسەرەی لیستەکەی تا ئەو دانیشتنە بەڕێوە ببات.
لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا وردو درشتی بەڕێوەچوونی کاری پەرلەمانی هەیە، هەندێجار پێوەی پابەند دەبن و هەندێجاریش وا ناکەن.
ئەگەر بەپێی ئەو پەیڕەوە بێت ئەبێت لە یەکەم دانیشتدا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێندرێت، بەڵام چەند جارێکی تر پەرلەمان خۆی توولەڕێی بۆ دەربازبوون لەمە دۆزیوەتەوە، وەک ئەوەی دانیشتنی یەکەم بە کراوەیی دەهێڵنەوە تا لە ماوەی چەند مانگێکدا لایەنەکان لەسەر دەستەی سەرۆکایەتی و باقی پۆستەکانی تر دەسازێن.
وێنەیەکی بەرنامەی کاری یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە خوارەوە: