ژینگەی سۆران بەدواداچوونی بۆ دەکات
دارێکی بەتەمەن لە گۆڕستانی سوارخەیلان لە هەودیان ئاگری تێبەردرا
964+
شۆڕش قادری
دارێکی بەتەمەن لە گۆڕستانی سوارخەیلان لە هەودیان ئاگری تێبەردرا و ژینگەی سۆرانیش بەدوای ئەنجامدەری کارەکە دەگەڕێت بۆ ئەوەی سزا بدرێت.
هەژار ماهیر بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە کە هەندێک سەرپێچیکاری ژینگە هەڵساون بە سوتاندنی دارێکی بەتەمەنی گۆڕستانی سوارخەیلان، دەستبەجێ دەستمانکرد بە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە، بە مەبەستی دۆزینەوەی تاوانباران بۆ ئەوەی رووبەڕووی یاسایان بکەینەوە”.
“تەمەنی دارەکە نزیکەی 50 ساڵ دەبێت و لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئاگری تێپەردراوە، بەڵام خۆشبەختانە خەڵکی ناوچەکە و ژینگەپارێزان زوو فریای کەوتوون و لە لەناوچوون پاراستوویانە”، هەژار ماهیر وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوونەکانیان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباران بەردەوام دەبێت و هەرکەس و لایەنێکێش داڕی تەڕ بسووتێنێت و بیانبڕێتەوە و زیان بە ژینگە بگەیەنێت، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی ئیدارەی سۆران وتیشی، سزای ئەو جۆرە کەسانە لە 50 هەزار دینار بۆ 200 ملیۆن دینار سزای دارایی دەبێت و هەندێک کاتیش بەندکردنیشی تێدایە.