سزای بکوژ گۆڕدرا بۆ لەسێدارەدان
دواجار دادگا داواکارییەکەی بنەماڵەی خواناس وریای جێبەجێ کرد
964+
شۆڕش قادری
دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، سزای بکوژی خواناس وریا، ئەو گەنجەی ساڵی 2023 لەناو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا، لە زیندانیی هەتا هەتاییەوە گۆڕی بۆ لەسێدارەدان.
بکوژى خواناس وریا زیندانى هەتاهەتایى بەسەردا سەپێنرا
سەرچاوەیەکی یاسایی نزیک لە دۆسیەی خواناس وریا و یەکێک لە کەسوکارەکەی بە 964ـیان وت، “رۆژی سێشەممە 26.11.2024 دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دۆسیەی خواناس وریای تەمیز کردووەتەوە و بڕیاریداوە سزای بکوژ لە زیندانی هەتا هەتاییەوە بگۆڕدرێت بە لەسێدارەدان”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بەپێی بڕیارەکەی دادگا، لەبەر ئەوەی بکوژ لە رۆژی رووناکدا و لەبەرچاوی خەڵک، خواناس وریای کوشتووە بۆیە دەبێت، سزاکەی لە زیندانی هەتا هەتایی قورستر بکرێت، کەو ئەوەش لەسێدارەدانە.
بەپێی زانیارییەکانی 964 سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت و دەبێت کەسی تاوانبار لە زیندان بمێنێتەوە هەتا ئەوکاتەی گیان لەدەستدەدات.
رۆژی 22ی حوزەیرانى 2023 گەنجێک بەناوی خواناس وریا لە ناو بازاڕی قەزای چەمچەماڵدا کوژرا، رۆژێک دواتر ئاسایش بکوژەکەی بەناوی هێرش دەستگیر کرد.
رۆژی سێشەممە 25.6.2024، دوادانیشتنى دادگاى کەیسى خواناس وریا لە دادگاى تاوانەکانى سلێمانى بەڕێوەچوو و تیایدا بڕیاری زیندانى هەتاهەتایى بۆ بکوژ دەرچوو، ئەوەش ناڕەزایی بنەماڵەی خواناس وریای لێکەوتەوە و داوای تەمیزكردنی دۆسیەکەیان کرد.
خواناس لە ساڵی 2019 لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دەربەندیخان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕی بەدەست هێناوە، ئەندامی کارای سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بووە.