"سەرپێچیکاران بە 500 هەزار دینار سزادەدرێن"
هەڵمەتی بڕینی بۆری ئاوی زیادەڕۆ لەدوزخوماتوو دەستیپێکرد
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
هەڵمەتی بڕینی بۆری ئاوی زیادەڕۆ لە دوزخورماتوو دەستیپێکردووە و نزیکەی هەزار بۆری ئاو بە نایاسایی راکێشراون و بڕیارە لەماوەی 15 رۆژدا سەرجەمیان لاببرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 2024.11.25 ئیسماعیل مستەفا، بەڕێوەبەری فەمانگەی ئاوی دوزخورماتوو بە964ـی وت، “چەندین ساڵە ئاوێکی زۆر بەهۆی زیادەڕۆییەوە بەفیڕۆدەچێت و لەمڕۆوە هەڵمەتێکی چڕمان بۆ لابردن و بڕینی سەرجەم ئەو بۆریانەی کە بە شێوەی نایاسایی و سەرپێچی راکێشراون دەستپێکردووە، کە ماوەی 15رۆژ دەخایەنێت، هەروەها سزای مادی بەبڕی 500 هەزار دیناری ئەو کەسانە دەدەین کە لەرابردوودا هۆشدارییان پێدراوە و دووبارە سەرپێچی و بۆری زیادەڕۆیان راکێشاوەتەوە.”
وتیشی، بە بڕینی بۆری ئاوی زیادەڕۆکان لە قەزاکەدا، کێشەی کەمئاویی ژمارەیەک گەڕەک چارەسەر دەبێت، بەو پێیەی کاتێک ئاو بەردەدرێتەوە، ماڵێکی زۆر بەهۆی زیادەڕۆیەکانەوە ئاویان پێ ناگات و لەئێستا بەدواوە ئاو دەگاتە سەرجەم ماڵەکان.
روونیشیکردەوە، مەحاویلەیەکی گەورەی kva630 بۆ وێستگەی سەرەکی دابەشکردنی ئاوی قەزاکە زیادکراوە کە پێشتر مەحاویلەیەکی کۆن و خراپیان هەبوو، بەردەوام ویستگەکە کێشەی بچڕانی کارەبای تێیدا بوو و ئیتر ئەو کێشەیەش چارەسەر دەبێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر