چەند دیمەنێک لە کاتی چاندنی نەمام بۆ یادی کۆچکردووان لە قەزای حاجیاوا... وێنە: سۆشیاڵ میدیای حاجیاوا.
69 نەمامیان بۆ روحی دایکیان چاندووە
خەڵکی حاجیاوا بە نەمام چاندن یادی کۆچکردووەکانیان بە زیندوویی دەهێڵنەوە
964+
ژێوار خدر
لە قەزای حاجیاوا دوو کوڕ لە یادی سێ ساڵەی کۆچی دایکیان 69 نەمامیان چاندووە.
رەوەند حەسەن، خاوەنی بیرۆکەی چاندنی نەمام بۆ روحی کۆچکردووان بە 964ـی وت، ئەم دوو کوڕە لە یادی سێ ساڵەی کۆچی دایکیان 69 نەمامی سنەوبەریان وەک هێمایەک بۆ 69 ساڵ تەمەنی دایکیان کردە دیاری و نەمامەکانیشیان لە باخچەی منداڵانی خونچە و پارکێکی قەزای حاجیاوا چاند.
وتیشی، “لە ساڵی 2019 لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، بیرۆکەی چاندنی نەمام بۆ روحی کۆچکردووانمان بۆ هات، لەو کاتەوە هەرکەسێک کەسێکی نزیکی لەدەستدەدات، چەند نەمامێک دابین دەکات و من وەکو خاوەنی بیرۆکەکە جۆری نەمامەکە دیاری دەکەم و هەر خۆشم شوێنی ناشتنی نەمامەکان دەستنیشان دەکەم و نەمامەکان دەڕوێنم”.
روونیشیکردەوە، تاوەکو ئێستا 26 کەس نەمامییان بۆ کۆچکردووەکانیان دابینکردووە و نزیکەی دوو هەزار نەمامیان چاندووە لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، ئەو نەمامانەی چێندراویشن بریتین لە سنەوبەر، توو و ناروەند.