سلۆپى
سەدان بارهەڵگر لە چاوەڕوانیدان بۆ هاتنە ناو هەرێم
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەهۆى نوێکردنەوەى سیستمى دەروازەکانەوە لەلایەن تورکیاوە، ماوەى دوو رۆژە لە دەروازەى خابور لە سنوورى تورکیاوە رێگە بە بارهەڵگرەکان نادرێت بێنە ناو خاکى هەرێمى کوردستانەوە.
نێچیرڤان یوسف، شۆفێرێکى بارهەڵگرى دانیشتووى زاخۆیە و یەکێکە لەو هەزاران شۆفێرەى لە دیوى باکوورى کوردستانەوە ماوەى دوو رۆژە لە چاوەڕوانى رێگەپێداندایە بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە هەرێمى کوردستان، قسەى بۆ 964 کرد و وتى،” دوو رۆژە چاوەڕوانم و رێگەمان پێنادرێت بگەڕێینەوە و ژمارەمان زۆرە و بە هەزاران دەبێت، بەڵام سەروو 130 شۆفێرمان خەڵکى هەرێمى کوردستانین و ئۆتۆمبێلەکانمان راگرتووە و چاوەڕوانین دەروازەکەمان بۆ بکرێتەوە”.
وەک باسى دەکات بە درێژایى نزیکەى 30 کیلۆمەتر بارهەڵگرەکان وەستاون و درێژبوونەتەوە.
“ئەگەر بە زوویى رێگەمان پێنەدرێت رەنگە کێشەمان بۆ دروست بێت تا بەشدارى لە پڕۆسەى سەرژمێرى بکەین”، ئەو شۆفێرە واى وت.
سەرچاوەیەک لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە بە 964ـى وت،”ئەوەى دروستبووە هیچ پەیوەندى بە ئێمە و باشوورى کوردستانەوە نییە، بەڵکو حکومەتى تورمیا خەریکى نوێکردنەوەى سیستەمى دەروازەکان لەگەڵ تەواوى دەوڵەتانى دراوسێیى”.
ئاماژەى بەوەشکرد، نازانرێت کەى دەروازەکە بەڕووى شۆفێرانى بارهەڵگردا دەکرێتەوە، بەڵام پێشبینى دەکرێت لە 24 کاتژمێرى داهاتوو تێنەپەڕێت.
دەروازەى سنوورى ئیبراهیم خەلیل، هەرێمى کوردستان و باکورى کوردستان و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و گەورەترین دەروازەى بازرگانى هەرێمى کوردستانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح