هەر کەسێک کۆترە شینکە راو بکات 100 هەزار دینار غەرامە دەکرێت
لە دوکان سێ راوچى دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
پۆلیسى ژینگەو دارستانى سلێمانى سێ راوچى دەستگیرکرد و چاودێرى کۆترە شینکەکانى عەربەتیش دەکرێت بۆ ئەوەى دەستى راوچییەکانیان پێنەگات و هەر کەسێکیش یەک دانەیان راو بکات 100 هەزار غەرامەى بەسەردا دەسەپێندریت.
بەپێى راگەیەنراوى پۆلیسى دارستان، دواى ئەوەى ئاگادار کران لەشاخی فریاد لەسنوری گوندی قەڵەم پاشای سەر بەقەزای دوکان چەند کەسێک سەرقاڵی راوکردنی ئاژەڵی کێوین و لەشاخەکە، دەستبەجێ مەفرەزەیەک لەکارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی دوکان دەرچوون و گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە ئەنجامدا توانیان سێ راوچى دەستگیربکەن کە سەرقاڵى راوکردنى ئاژەڵى کێوى بوون.
وەک باسکراوە، لەگەڵ دەستگیرکردنیان، یەک چەکى جۆرى کڵاشینکۆف و ئۆتۆبێلێکى نیسان دەبڵ و دوو مۆبایل و چەند کەلوپەلێکى راو، دەستى بەسەرداگیراوە.
لەلایەکى دیکەوە، لەپێناو ژینگەیەکی جوان و ئاو هەوایەکی تەندروست، بنکەى پۆلیسى دارستانى عەربەت شەوانە و رۆژانە مەفرەزە دەردەکەن بۆ پارێزگارى لە کۆترە شینکەکانى ناوچەکە.
وەک ئەوەى پۆلیس روونى کردووەتەوە،لەڕووی یاساییەوە هەر هاوڵاتیەک سەرپێچی بکات و هەر کۆترێک لەم کۆترەشینکانە راوبکات رێکاری یاسایی بۆ دەگیرێتە بەر و بەپێی رێنمایی ژمارە 1ـى ساڵى 2021، راوکردنی یەک باڵندەی هاوشێوە بە 100 هەزار غەرامە دیاری کراوە.