ئەمڕۆ جێبەجێ کراوە و قوتابیانیش بایکۆتیان کرد
مامۆستای ئاینی گوند داوای جیاکردنەوەی کوڕ و کچی کردووە لە قوتابخانە
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە 17.11.2014 خوێندکارانی قوتابخانەی شەهید ئەکرەم لەبەردەم قوتابخانەکەیان گردبوونەوە، وەک خۆیان باسیان کرد، لە وتاری رۆژی هەینیدا مامۆستای ئاینی داوای کردووە خوێندکارانی کچ و کوڕ لەیەکتری جیا بکرێنەوە، ئەمڕۆ بڕیارەکە جێبەجێکرا و خوێندکارانیش بایکۆتیان کرد.
هاوبیر ئەمیر خوێندکاری پۆلی 12ـیە و یەکێک لەو خوێندکارانە بوو بە 964ـی وت، ”کێشەی ئێمە جیاکردنەوەی کچ و کوڕ نییە، بەڵکو بەم بڕیارە کێشەی نەبوونی مامۆستامان بۆ دروست دەبێت و ئەو مامۆستایانەی وانەمان پێدەڵێن ئاستیان باشنییە، چونکە ناکرێت مامۆستای پۆلی حەوت وانەمان پێ بڵێت”.
محەمەد نێچیر، خوێندکاری پۆلی 11 بە 964ی وت،” ئێمە خۆمان لەوتاری هەینی بووین، کاتێک مامۆستای ئایینی باسیکرد، لەسەرەتای دەستپێکی خوێندنی ئەمساڵەوە ئەم مقۆ مقۆیە هەبوو، بەڵام ئێستا جێبەجێکراوە”.
بەقسەی ئەو خوێندکارەبێت، لەزۆربەی مزگەوتەکانی ئەو سنوورە لەرۆژی هەینی دا باس لەو بابەتە کراوە.
قوتابخانەی شەهید ئەکرەم دەکەوێتە گوندی بنبێرز سەربە ناحیەی شەمامک ژمارەی خوێندکارانی 300 خوێندکارە کە هی 13 گوندی ناوچەکان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی