رێگای نێوان باشور و رۆژئاوا بوو بە ئۆنڵاین

+964

فەهمی نەبی

لەمەودوا هەر کەسێک لە رۆژئاوای کوردستانەوە بێتە خاکی هەرێمی کوردستان یان بە پێچەوانەوە، دەبێت بە شێوەی ئۆنڵاین ناوی خۆی تۆمار بکات.

بڕیارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی شوبات، لەلایەن ئیدارەی دەروازەی سێمێلکا -فیشخابور بڵاوکراوەتەوە.

دەروازەی فیشخابور دەکەوێتە سنوری نێوان رۆژئاوای کوردستان و باشوری کوردستان.

لە رێنماییەکان، 13 مەرج دانراوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە رۆژئاوای کوردستانەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، هەروەها بۆ ئەوانەشی لە هەرێمی کوردستانەوە دەیانەوێت گەشت بۆ رۆژئاوای کوردستان بکەن 15 رێنمایی دانراوە.

لە بەشێکی رێنماییەکان هاتووە، ئەو کەسەی گەشت دەکات، جگە لە ناسنامەکەی دەبێت هەڵگری پاسپۆرت بێت، لە خاڵێکی تر هاتووە ئەو کەسەی داواکاری پێشکەش دەکات، نابێت تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بێت.

بۆ ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە داوای گەشت دەکەن، لە خاڵێکی رێنماییەکان هاتووە، دەبێت هۆکاری سەردانەکە روونبکەیتەوە و نابێت لە سێ مانگ زیاتر داوای مانەوە بکەیت.

دەروازەی سێمێلکا -فیشخابور تاکە دەروازەی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانە.

بە دیوی رۆژئاوا دەروازەکە لەلایەن ئاسایشی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای کوردستان ئیدارە دەدرێت، لە باشوری کوردستانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

لێرەوە دەتوانی لینکی خۆ تۆمارکردن ببینی