لە کۆیە
ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا
964+
شۆڕش قادری
لە کۆیە بەهۆی تەقەکردنەوە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا.
گۆران ئەحمەد بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر کەسێک تەقەی لە ماڵێک کردووە و گوللە بەر بوتڵێکی غاز کەوتووە و تەقیوەتەوە و بەوهۆیەشەوە ئۆتۆمبێلێک لەناو حەوشەی ماڵەکەدا گڕیگرتووە و ماڵەکەش سووتاوە”.
“ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە بەڵام کەسێک لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە کە پیاوە و تەمەنی نزیکەی 70 ساڵە”، گۆران ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هۆکاری رووداوەکە بە وردی نەزانراوە بەڵام، پێدەچێت بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووبێت.
هاوکات نەشئەت محەمەد، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید خالید بە 964ـی وت، “ئەو کەسەی تەقەی لێکراوە، دوو فیشەکی لێدراوە و ئاسەواری سوتانیش بە جەستەیەوە هەبووە، تا گەیشتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو و رەوانەی پزیشکی دادمان کرد”.