شەش مانگە دەست بە پڕۆژەکە کراوە

ھێڵی ئینتەرنێتی نیشتمانی لە خورماتوو کارا دەکرێت

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

پڕۆژەی دانانی هێڵی ئینتەرنێتی نیشتمانی، لەنێو گەڕەکەکانی خورماتوو کۆتایی هات و بڕیارە کۆتایی مانگی داهاتوو هێڵی ئینتەرنێت لەتەواوی قەزاکەدا چالاک بکرێت.

ئەیوب عەلی شەهباز بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی خورماتوو بە 964ـی وت، “شەش مانگە دەستمان بە پڕۆژەکە کردووە و ئەمڕۆ یەکشەممە 27.10.2024  دانانی تاوەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان  کۆتایی هات و تەنها چەند رێکارێکی کەم ماوە”.

“بڕیارە کۆتایی مانگی داهاتوو سەرجەم کارەکانی پڕۆژەکە تەواو ببن و سەرەتای مانگی 12 هێڵی ئینتەرنێت بۆ تەواوی خورماتوو چالاک دەکرێت و چیتر پێویست ناکات خەڵک هێڵەکانی تر بەکاربهێنن”، ئەیوب عەلی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێڵەی کە دانراوە نیشتمانییە و زۆریش بەهێزە لەچاو هێڵەکانی تری ئینتەرنێت، مانگانەش بەشێوەی ئەلیکترۆنی بڕی ئەو پارەیەی بۆیان دیاری دەکرێت، دەیدەن و نرخەکەشی کەمترە لەھێڵە ئەھلییەکان.

بۆ یەکەمجارە هێڵی ئینتەرنێتی نیشتمانی بەشێوەی زەمینی بۆ قەزای خورماتوو دابین دەکرێت و ئیدی خەڵکی ناوچەکە پێویستیان بە تاوەرەکانی ئینتەرنێت نابێت کە لە ئێستادا زیاتر لە 200 تاوەری هێڵی ئینتەرنێت لە سنوورەکە بوونیان هەیە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری