پشکنین بە پێنج هەزارە

لەئەبوغرێب کۆمەڵگەی پزیشکی بۆ هەژاران کراوەتەوە

ئەبوغرێب (بەغداد) – میدیازان

لە قەزای ئەبوغرێب لە ڕۆژئاوای بەغداد کۆمەڵێک لەپزیشک و دەرمانساز کۆمەڵگەی (ئەلنەسر و وەلسەلام)ی پزیشکی خێرخوازییان کردەوە، ئەمەش لەهەنگاوێکی مرۆییدا بۆ پشتگیریکردنی هەژاران و کەمدەرامەتەکان.

ئەم کۆمەڵگایەی کە لەبینایەکی 3 نهۆمی پێکهاتووە، دەکەوێتە شەقامی ٣٠ لەنزیک بازاڕی ئەبوغرێب، چەند پسپۆڕییەکی جیاواز لەخۆدەگرێت و پێش دوو هەفتە لەمەوپێش کرایەوە و لەلایەن نەخۆشەکانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

نرخە کەمەکەی بەبەراورد لەگەڵ کلینکە تایبەتەکان کە بە ٥٠٠٠ دینارە هانی نەخۆشەکان دەدات سەردانی پزیشکەکان بکەن کەلەناو کۆمەڵگەکەدان و پسپۆڕی جیاوازیان هەیە.

نور سەباح کە پزیشکی “ژنانەیە” بەمیدیازانی ڕاگەیاند: ” دەستپێشخەری بۆ کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە پزیشکییە بۆ پشتگیریکردنی هەژاران لە ئەبوغرێب کراوەتەوە، چونکە ناوچەیەکی دوورەپەرێزە، زۆربەی دانیشتوانەکەشی کەمدەرامەتن” ئاماژەی بەوەشدا ” لەناو قەزاکە نرخی پشکنین لە کلینکە تایبەتەکان لەنێوان ١٠ – ٣٠ هەزار دینارە کەمترە”.

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا ووتی ” نرخی پشکنین کە پزیشکێکی نەخۆشی ژنانە وەریدەگرێت لە بەغداد ٢٠ هەزار دینارە، لەکاتێكدا لەم کۆمەڵگا پزیشکییە لە ٥٠٠٠ دینار تێپەڕناکات”.