چارەخوازەکانیش داوای دەکەن

دەرمانی دەردی شێرپەنجە پشکنینی پێشوەختەیە

964+
دیلان محەمەد جەزا

پزیشکی پسپۆڕ شێرپەنجە، چارەخواز و کارمەند و دامەزراوەکان، شاری پزیشکی فارووق لە سلێمانی و لە ئۆکتۆبەری پەمەیی، بۆ زیاتر هۆشیاری دان بە خەڵک و چارەخوازانی شێرپەنجە کۆی کردوونەتەوە، نیەتەکە ئەوەیە پشکنینی پێشوەختە بکرێ بە رێگر لە توشبوونی تەواوەتی.

ئەوانەی بەشدارن، هاتوون ئەو تێگەشتنە پەرە پێ بدەن، کە پشکنینی پێشوەختە کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر بڵاونەبووەنەوەی ئەو ژەهرە مەترسیدارە و زووتر رزگار بوون لێی، زەهرا ریاز توشبوویەکی شێرپەنجەیە و لە ڤیتییەکەدا قسەی بۆ 964 کردووە، نەخۆشی لە شاری بەغدادە وە هێناویەتییە سلێمانی و هاتنەکەی بووەتە هۆکاری شیفا و بڕیاریداوە بە یەکجاری لە سلێمانی بمێنێتەوە.

ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار، ئەمە قسەی سەر زارە کاتێک ساڵ بە ساڵ هەستدەکرێ گرفتێک زیادی کردووە، لەم ساتەدا بۆ هیوا و سەختی کارەکەیان ئەو قسەیە بۆ پسپۆرانی بواری شێرپەنجە زۆر گونجاوە، لەبەر ئەوەی لە چاو ساڵی پاردا ئامارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە روویان لە هەڵکشان کردووە، بەڵام ناوەندە تەندروستییەکان ئومێدیان بۆ چارەسەری توشبووانی لە دەست نەداوە و دەیانەوێت پشکنینی پێشوەختە، جێگەی نەشتەرگەری ناچاری بگرێتەوە.

دکتۆر نەریمان محەمەد پسپۆری نەخۆشیەکانی مەمک و نەشتەرگەری لە شاری پزیشکی فارووق بە 964ـى وت، جەخت لەوە دەکەمەوە چارەسەرى شێرپەنجەى مەمک پشکنین پشکنین پشکنینە، بۆیە پێویستە ژنان بەردەوام پشکنین بۆخۆیان بکەن لە ماڵەوە و لە هەر حاڵەتێکى گوماناوى و بوونى گرێ لە مەمکدا سەردانى پزیشک بکەن.

وەک باسى دەکات، ئەگەر بە زوویى پێى بزانرێت چارەسەر 99%ـە و مەترسى نابێت، بەڵام تا دوا بکەوێت رێژەى مەترسییەکە گەورەتر دەبێت، ئەوە لە دۆخێکدا هۆبەی کۆنتڕۆڵی شێرپەنجە لە سلێمانی، لە 10 مانگى سەرەتای ئەمساڵدا 479 توشبووى شێرپەنجەیان تۆمار کردووە، لە کاتێکدا ساڵى پار و لە هەمان 10 مانگدا 415 حاڵەتیان تۆمار کردووە.

ئەم جگە لەوەی دامەزراوەکان بەردەوام کەمپینی هۆشیاری رادەگەیەنن، بەرچاوترینیان هۆتێلەکانى گراند میلینیۆمى سەر بە گرووپى کۆمپانیانى فارووقە، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتێک، پسوڵەی میوانانی هۆتێل و رێستورانتەكانی كۆدەكاتەوە، بەشێوەیەک هەر كەسێك سەردانی هۆتێلەكە دەكات لەگەڵ هەر خواردن و خواردنەوەیەك دەتوانێت بڕە پارەیەك بۆ چارەخوازان ببەخشێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

هۆشیاری لەبارەی دیاریکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە دەدرێت

هۆشیاری لەبارەی دیاریکردنی پێشوەختەی شێرپەنجە دەدرێت