140 هەزار بەرمیلی رۆژانە
بلومبێرگ: هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ نیوە کەمکردووەتەوە
964+
ژووری هەواڵ
هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ نزیکەی نیوە کەمکردووەتەوە، ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی رایگەیاند، ئەم کەمکردنەوەیە لە سەر داوای حکومەتی عێراق و بەهۆی رێنماییەکانی ئۆپێکەوەیە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، لەئێستدادا هەرێمی کوردستان رۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، لەکاتێکدا پێشتر دوو هێندەی بەرهەمدەهێنا.
ئاژانسەکە نوسیویەتی، ئەم کەمکردنەوەیە دوای ئەوە دێت، چەند جارێک رێکخراوی ئۆپێک ھۆشداری دابووە عێراق لەسەر زیادەی بەرھەمھێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
ئەم زانیاریانە یەکدەگرنەوە لەگەڵ وتەکانی کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، کە لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە وزە لە ئیستەنبووڵ رایگەیاندبوو، لە دووی ئەیلوولەوە هەرێمی کوردستان رۆژانە 140 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت.
” حکومەتی ھەرێمی کوردستان داواشی کردووە کە نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا ھەناردە بکرێتەوە”، بلومبێرگ وای نوسیوە.