دژی ژنانە

یەکێتی ئەوروپا دژی هەمواری یاسای باری کەسی هاتە دەنگ

964+

ژووری هەواڵ

پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا رەخنە لە هەمواری یاسای باری کەسی دەگرێت لە عێراق و دەڵێت، ئەگەر پەسەند بکرێت “دەبێتە هۆی پێشێلکاریی مافەکانی ژنان”.

ئەمڕۆ هەینی 11.10.2024، پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، هەمواری یاسای باری کەسی لە عێراق پێشێلی پابەندییە نێەودەڵەتییەکانە و ئەگەر پەسەند بکرێت، مافی ژنان پارێزراو نابێت.

پەرلەمانی یەکێتیى ئەوروپا ستایشی هەوڵی ئەو پەرلەمانتار و رێکخراوە ناحکومیانە دەکات کە دژی هەموارەکە هاتونەتە دەنگ و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکات پلانێکی نیشتمانی بۆ نەهێشتنی هاوسەرگیری منداڵان و بە تاوان ناساندنی توندوتیژى خێزانی بگرێتەبەر.

بەگوێرەی راگەیەندراوی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، یاسای سزادان لە عێراق ژنان و منداڵانی قوربانیی توندوتیژیی خێزانی بەگوێرەی یاساکان ناپارێزێت.

پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا داواشى لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا کردووە، پاڵپشتییەکانیان بۆ داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان و منداڵان لە عێراق زیاتر بکەن.

بۆ هەمواری یاسای باری کەسی ئەم پێشنیارانە كراون
– دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
– هەرکەسێک پێشتر ئەوەی نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکەش بکات.
– ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوسەرەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
– دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن، پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسێتی دروست بکەن.
– تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
– ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەویی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجومەنی زانستیی و فەتوا وەردەگیرێت.
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە:
دادگەی باری کەسی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری پەسەند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سونە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسەنددەکرێن.
لە هۆکارەکانی دەرچوواندنی هەموارەکەدا هاتووە؛ لەگەڵ مادەی دووی دەستوور دەگونجێت و مادەی 41ـیشی کە دەڵێت عێراقییەکان ئازادن لە دیاریکردنی مەزهەبەکانیان.

"لەگەڵ پرۆژە پێشنیاری هەمواری یاسای باری کەسی عێراق نین"