"مامۆستا گیان تۆ لای من زۆر پیرۆزی"

ئەمڕۆ، رۆژى جیهانى مامۆستایە

964+

وریا فەتاح

رۆژى 5ـى ئۆکتۆبەرى هەموو ساڵێک بە رۆژى جیهانى مامۆستا دیاریکراوە، ئەوەش بە مەبەستى گرنگیدان بە پێگەو رۆڵى مامۆستا کە پێشکەشى کەرتى پەروەردەى دەکات.

لە 5ـى ئۆکتۆبەرى 1994ـەوە، رێکخراوى پەروەردەیى و زانستى و کلتورى نەتەوە یەکگرتووەکان (UNESCO)، رۆژەکەى دیاریکردووە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنى پێگەى مامۆستا لە پێگەیاندنى نەوەى داهاتوو.

یادەکەى ئەمساڵ لە کاتیکدایە، کە دواى خەباتێکى زۆر بۆ بەدەستهێنانى مافەکانیان، مامۆستا وانەبێژەکانى هەرێمى کوردستان کە ژمارەیان نزیکەى 38 هەزار وانەبێژ بوو، کران بە گرێبەست و بڕیاریشە رۆژى دووشەممە مامۆستایانى هەرێم موچەى مانگى هەشتى ئەمساڵ وەربگرن.

رۆڵ و پێگەى مامۆستا لە کۆمەڵگەى کوردیدا لە ئاستێکى بەرز دایە، لە ناو ئەدەبیات کوردیدا مامۆستا ئامادەییەکى گەورەى هەیە و بە چەندین شێوە باس لە گەورەیى و گرنگى ئەو پیشەیە کراوە، زۆر جاریش وشەى مامۆستا بۆ کەسانى بەرامبەر بەکاردەهێنرێت ئەوەش وەک پیشاندانى رێزێک بۆ کەسێک.

بەختیار زێوەرى شاعیر لە باسى مامۆستادا لە 26.2.1947 ئەم شیعرەى نوسیوە:

مامۆستا گیان تۆ لای من زۆر پیرۆزی

تۆ لە باوکم زیاتر بۆ من دڵسۆزی

جوان هەست ئەکەم بە زوبانێکی شیرین

پێم ئەبەخشی زانستی خۆت چین بە چین

هێزی دڵ و دماغت هێندە بەرزە

وتارەکەم هەستیم دێنێتە لەرزە

تۆ بە بیری ڕووناک ڕێگەی ژیانم

ڕۆشن ئەکەی چەوتیم ئەدەی نیشانم

ئاگام لێیە بەباسی کرداری جوان

ئەمخەیتە سەر شەقامی ڕاست و ڕەوان

زۆر حەز ئەکەی وەک دانیشتووی ڕۆژئاوا

خۆم و هۆزم بەرز بینەوە بێ داوا

لە مەیدانی ژیانا سەربەخۆبین

زانا و هوشیار لەگەڵ یەک بێ درۆبین

مامۆستا گیان تۆ پێشەوای جوانانی

چرای ڕووناکیی خاکی کوردستانی

لە نیشتمانا سەرکردەی زانستیت

بنچینە دانەری قەڵای سەربەستیت

بەڵام سەد ئاخ ئەوەمان ناتەواوە

لای کورد هێشتا قەدرت باش نەزانراوە

ئەمجا تۆش گەورەم چونکە ئێجگار ژیری

لام وایە لەم حاڵە کەمێ دڵگیری

باوەڕ ناکەم ئەوەش عەزمت بشکێنێ

دانا هیچ کاتێک عەزمی نانەوێنێ

ڕۆژێک ئەبێ قەدرت بگرن بە چاوان

لەبەر دەمتا بوەستن تیپی لاوان

هەیکەلێکت بۆ بکەن گشتی ئاڵتوون

گوڵبارانی بکەن بە شەوقی دەروون

هیوای من و تۆ ئەوسا دێتە مەیدان

کوڕنووش بەرن بۆ هەیکەلت پیر و جوان