رەنج و ماندوبوونى جوتیارێک لافاو بردى

بارانەکەى شەوى رابردوو پەڵەیەک برنجى راماڵى

964+

محەمەد عەلی ـ پشدەر

جوتیارێکى سنوورى پشدەر خۆى ئامادەدەکرد بۆ هەڵگرتنەوەى بەرهەمى رەنج و ماندووبونى ئەم هاوینەى، بەڵام بارانە بەلێزمەکەى شەوى رابردوو بوو بە لافاو و  رەنج بەخەسارى کرد و 13 دۆنم زەوییە چێنراوەکەى کە کردبووى بە برنج، رایماڵى.

بارانە بەهێزەکەى شەوى رابردووى سنوورى پشدەر بێ زیان تێنەپەڕى، چەند گوندێکى سنوورەکە زیان بە رەز و باخەکانیان گەیشت، زەوییەکى داچێنراو بە برنجیشى راماڵى.

عەلی حەسەن، جوتیارێکی گوندی گردە ئەستێرەى ناحیەى ژاراوەیە، لە سەرەتاى هاوینەوە سەرقاڵى ئەو زەوییەى بووە کە بە برنج چاندوویەتى، بەڵام بارانەکەى شەوى رابردوو زیانى زۆرى لێداوە و هەر 13 دۆنمەکەى بردووە.

ئەو قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”خۆمان ئامادەدەکرد بۆ هەڵگرتنەوەى بەرهەمەکە، چونکە وەرزى پێگەیشتن بووە، بەڵام بارانەکە بە تەواوەتى رایماڵیوە و هیچى لێ نەهێشتووەتەوە”.

وەک باسى دەکات، بەلاى کەمەوە زیانى پێنج ملیۆن دینارى بەرکەوتووە، ئەوە جگە لەوەى بەرهەمەکەى بە تەواوەتى بردووە.

تەنیا ئەو جوتیارەى سنوورەکە نەبووە کە زیانى بەرکەوتووە، وەک ئەوەى ئەو جوتیارە بە 964ـى وت،” زیاتر لە 100 دۆنم زەوى زیانى بەرکەوتووە، بەڵام ئەوەى من بە تەواوى راماڵراوە”.

لەبارەى زیانەکانەوە عەبدوڵا عەباس، بەڕێوەبەری ناحیەیی ژاراوە بە 964ـی وت، “ بەهۆی لافاوەکەی شەوی رابردووە، زیانی بەچەند گونێکی ناحیەکەمان گەیاندووە، پردێکی هاتوچۆی بردووە چەند ستونێکی کارەبایی روخاندووە، هەروەها زیانی زۆری بە بەروبوومی برنج و باخ و رەزو رێگاوبان گەیاندووە”.

” گوندی رەزگەی سەرو خوارو، گوندی شناوە، گوندی سورەگڵەی خوارو سەرو، گوندی کوزینە، زیانی بە باخ و رەزەکانیانی کەوتووە، بەڵام لە گوندی گردە ئەستێرەش، جگەلە زیانی کشتوکاڵی پردەکەیانی بردووە، گوندی دووچۆمان و قرژاڵە بڕە برنجێکی زۆر ژێرئاو کەوتووەو جوتیاران زەرەرمەند بوون”، بەڕێوەبەرى ناحیەى ژاراوە واى وت.

دەشڵێتا: لەئێستادا زیانەکان نەخەمڵێنراون، بەڵام، لیژنەیەکمان پێکهێناوە، بۆئەوەی بزانین زیانەکان چین و بەچەند دەخەمڵێنرێن، ئێمە هەوڵی خۆمان دەدەین کە زیانەکان بدەینە سەروی خۆمان و جوتیاران قەرەبوو بکرێنەوە.

جگە لە ژاراوە، ناحیەى هەڵشۆ و گوندی شێخ ئاودەڵان و گوندی باوزێ، بەهەمان شێوە لافاو زیانی  زۆری بە کشتوکاڵ و رێگاوبانەکانیان گەیاندووە.

شەوى رابردوو، شەپۆلێکى باران سنوورى پشدەرى گرتەوە، بەشێوەیەک لە سنوورى ناحیەى هەڵشۆ 19.9 ملیم باران باریوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لەبناری قه‌ندیلیش لافاو دروست بووە و گه‌ڵابه‌ و عادی...

لەبناری قه‌ندیلیش لافاو دروست بووە و گه‌ڵابه‌ و عادیله‌ى راماڵیوه‌