لە سنووری ئامێدی
درۆنێک لەناو کومەڵگەی کوانێ کەوتەخوارەوە و زیانی گیانی نەبووە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لە کومەڵگەی کوانێ لەسنووری قەزای ئامێدی درۆنێک کەوتەخوارەوە و هاوڵاتی کومەڵگەکەش دەڵێن ،زیانی گیانی نەبووە.
ئەمڕۆ دوشەممە 2024.9.30، لەنزیک کاتژمێر 2:30 خولەکی دوای نیوڕۆ دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە کۆمەڵگەی کوان بیسترا، دوای ئەوەی درۆنێک لە گەڕەکێکی کۆمەڵگاکەدا بینرا کە دەکەوێتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئیلیاس کوانی، دانیشتووی کومەڵگەی کوانێ بە 964ـی وت، گوێمان لە دەنگێکی بەرز بوو، دوای ئەوەی درۆنێک کەوتە سەر شەقامێکی کۆمەڵگاکەمان، هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، تەنها دیواری ماڵێک زیانی پێگەیشت.
وتیشی، لەم چەند رۆژە بەبەردەوامی شەڕە تەقە لەدەرووبەری کومەڵگە و سنوورەکەمان و کۆپتەر لە ئاسمان دەسوڕێنەوە، تا ئێستا نازانرێت درۆنەکە هی پەکەکە بووە یان تورکیا.
لەماوەی یەک هەفتەدا دوو گولە تۆپ لە گوندی گوهەرزێ کەوتنە خوارەوە و زیانی زۆری بە چەند ماڵێک گەیاندووە، ئەمڕۆش درۆنێک لە کومەڵگەی کوانێ لەناو ماڵ و دوکانەکان کەوتەخوارەوە.
کومەڵگەی کوانێ زیاتر لە 100 ماڵی تێیدا یە و دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی.
پێداچوونەوە: توانا نەقی