سیخوڕێکی ئێرانی زانیاری داوە

زانیاری نوێ لەبارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵا بڵاوكرایەوە

964+

ژووری هەواڵ

سیخوڕێکی ئێرانی شوێنی نەسروڵای ئاشکرا کردووە و ئیسرائیل چاوەڕێی کردووە تا کۆبوونەوەکە دەستی پێکردووە، ئینجا گورزەکەی وەشاندووە، ئەمە ئەو زانیارییە نوێیانەن، کە لە بارەی چۆنیەتیی کوشتنی حەسەن نەسڕوڵا ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنانی ئاشکرا بوون.

رۆژنامەی لوپاریزیانی فەرەنسی بڵاویکردووەتەوە، رۆژی هەینیی رابردوو هەر ئەوەندەی حەسەن نەسڕوڵا گەیشتووەتە بەیرووت، یەکسەر سیخوڕێکی ئێرانی زانیاری داوە بە مۆساد، نەسڕوڵا ئەو ماوەیە لە دەرەوەی بەیرووت بووە، بەڵام بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە کە بەشداری بەخاکسپاردنی محەمەد سرووری سەرکردەی حیزبەکەی بکات.

رۆژنامە پاریسییەکە نووسیویەتی: ئەو سیخوڕە ئێرانییە ماوەیەکی زۆرە خزاوەتە ناو ریزەکانی حیزبوڵاوە و دەستی بە زۆر نهێنی دەگات، ئەو رۆژە نەسڕوڵا لە ئۆتۆمبێلێکدا بووە لەگەڵ جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە لوبنان، دوای ئەوە چووەتە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی حیزبەکەی لە شوێنێکی زۆر نهێنی و شاراوە، بەڵام سیخوڕە ئێرانییەکە ئەوەندە لێیانەوە نزیک بووە، توانیویەتی زۆر بە وردی و بێ هیچ هەڵەیەک شوێنی نەسڕوڵا دەستنیشان بکات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کۆبوونەوەکە لە شوێنێک بووە کە 30 مەتر لە قوڵایی زەویدا بووە، ئیسرائیل چاوەڕێی کردووە تا نەسڕوڵا و سەرکردەکانی حیزبوڵا پێکەوە کۆبوونەتەوە، ئینجا هێرشەکەی کردووە و نەسڕوڵا و چەند سەرکردەیەکی تری کوشتووە.

شەوی هەینیی رابردوو لە بۆردمانی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای حزبوڵا لە باشووری بەیرووت، حەسەن نەسڕوڵای ئەمینداری گشتیی حزبەكە و ژمارەیەك لە ئەندامانی حزبەكە، هەروەها بەرپرسێكی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانیش كوژران.

هاوكات دوێنێ شەممە هەواڵی كوژرانی نەسڕوڵا لە لایەن ئیسرائیل و حزبوڵاشەوە پشتڕاستكرایەوە.

ئیسرائیل بە فەرمی كوشتنی حەسەن نەسڕوڵای راگەیاند

ئیسرائیل بە فەرمی كوشتنی حەسەن نەسڕوڵای راگەیاند