"لای لای دڵم لای"

لە ئامێزی سنە تەرمی فەتانە وەلیدی بە خاکسپێردرا

964+

ئەحمەد مستەفا

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گۆڕستانی بەهەشت محەمەدی و لە بەشی هونەرمەندان، تەرمی خانمە هونەرمەند فەتانە وەلیدی بەخاکسپێردرا.

فەتانە وەلیدی، رۆژی سێشەممە 24.9.2024 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیدا، ژمارەیەک هونەرمەند و کەسایەتی دیاری رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداربوون، دوو چەپکە گوڵ لە پێشەوەیی رووفاتەکەی دەڕۆن و دەف لێ دەدرێ، خەڵکێکی زۆر لەگەڵ تەرمەکەیدا دەچنە ناو گۆڕستانەکە، لەگەڵ بە خاکسپاردنیشیدا گۆرانییەکانی دەڵێنەوە، لای لای دڵم لای لە باخی سینە.

پێشتر سیمین چایچی شاعیر و نوسەری رۆژھەڵاتی کوردستان بە 964ـی وتبوو، “رۆژی چوارشەممە (دوێنێ) بەخاکدەسپێردرێ”، بەڵام  بەهۆی ئامادەکاری و ئامادەبوونی کەسوکاری رێوڕەسمەکە بۆ یەک رۆژ دواخرا.

فەتانە محەمەد شەریف وەلیدی ساڵی 1953 لە شاری سنە لەدایک بووە و یەکێکە لە رچەشکێنەکانی ئاواز و گۆرانی وتن لە ناو خانمانی کورددا.

وەلیدی لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کرد و لە رادیۆی سنە گۆرانییەکانی تۆمار دەکرد، بۆ ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی، گۆرانیی وتن تەنانەت بۆ پیاوانیش وەکو کارێکی نەشیاو سەیردەکرا، بەو ھۆیەوە فەتانە رووبەڕووی جۆرەھا توانج و تانە بوویەوە.

ژیانی ھونەری ئەو ھونەرمەندە بەھۆی نالەباری ژیان و نەخۆشی دەروونییەوە زۆر زوو کۆتایی پێھات، بەڵام لەو تەمەنە کورتەشدا توانی رۆڵێکی مێژوویی لە ھونەر و ئاوازی کوردیدا ببینێت.

هونەرمەند فەتانە وەلیدی کۆچی دوایی کرد

هونەرمەند فەتانە وەلیدی کۆچی دوایی کرد