"بە ئاواتەکەی نەگەیشت"

دوای 19 ساڵ لە ناونوسین بۆ حەج ئەمساڵ ناوی هاتەوە بەڵام گیانی لەدەستداوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ژنێکی دانیشتووی ناحیەی رزگاری لە قەزای کەلار لە ساڵی 2005ـەوە، ناوی دەنوسێت بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، ئەمساڵ ناوی گەڕاوەتەوە بەڵام بە ئاواتەکەی نەگەیشت و کۆچی دوایی کردووە.

ئەو ژنە ناوی جەمیلە ئەحمەدە و لەدایکبووی ساڵی 1967ە.

کاروان ئەبوبەکر، کوڕی ئەو ژنەیە و بە 964ـی وت،”یەکەمجار لە ساڵی 2005 دایکم لەگەڵ باوکم ناویان نوسیوە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج، بەڵام ناویان نەھاتەوە ئەوکات”.

“یەکێک لە ئاواتەکانی دایکم بوو کە بچێتە ماڵی خوا، ھەر ساڵێک پێویستی بە ناو نوسین ھەبووبێت، دایکم و باوکم ناویان دەنوسی پێکەوە، کۆتا جار لە ساڵی 2019 ناویان نووسی، بەڵام دایکم لە ساڵی 2022 وەفاتی کرد و بە ئاواتەکەی نەگەیشت”،کاروان ئەبوبەکر وای وت.

ئەمڕۆ چوار شەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، ناوی ئەو کەسانەی بڵاو کردەوە کە بۆ ساڵی 2025 دەتوانن بڕون بۆ فەریزەی حەج، کاروان وتی”ناوی دایکم و باوکم ھاتووەتەوە ، باوکم بەبێ دایکم ئەمساڵ دەڕوات حەجەکەی ئەنجام دەدات، ئێمەش کەسێکمان لەجیاتی دایکم دەڕۆین حەجەکەی بۆ ئەنجام دەدەین”

بۆ ساڵی 2025 لە ھەرێمی کوردستان، پێنج ھەزار و 120 کەس، لە کۆی 117 ھەزار کەس، لەڕێگەی تیروپشکەوە ناویان گەڕاوەتەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، تا ئێستا روون نییە چەند کەسیتر وەک دایکی کاروان ناویان گەڕاوەتەوە و بەڵام خۆیان لە ژیان نەماون.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

ناوى حاجیان گەڕایەوە

ناوى حاجیان گەڕایەوە