نزیکەی 300 کەس کوژران
ئەمڕۆ لوبنان خوێناویترین رۆژی بەڕێکرد
964+
شۆڕش قادری
لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان، نزیکەی 300 کەس کوژران و زیاتر لە هەزار و بیست کەسیش بریندار بوون.
فیراس ئەبیەز وەزیری تەندروستی لوبنان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی، “ئەمڕۆ دووشەممە 23.9.2024 بەهۆی بۆردومان و مووشەکبارانی ئیسرائیل لانیکەم 274 کەس کوژراون و زیاتر لە هەزار و بیست کەسیش برینداربوون”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ژن و منداڵ و ئەندامانی تیمەکانی فریاکەوتن لەناو قوربانیاندان.
سوپای ئیسرائیلیش بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ نزیکەی 800 ئامانجیان پێکاوە و دەیانەوێت لە ناوەندە سەربازییەکان و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حزبوڵا بدەن.
دەشڵێت، “هۆکاری کوژرانی ئەو ژمارە زۆرە بۆ بوونی کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی حزبوڵا لەناو خانوو و شوێنەکانی نیشتەجێبوون دەگەڕێتەوە”.
بەپێی راپۆتی میدیا جیهانییەکان، دوای هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، بە هەزاران کەس لە باشووری لوبنانەوە شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و روویان لە بەیروتی پایتەخت کردووە.
لە ساڵی 2006ـەوە ئەمڕۆ خوێناویترین رۆژ بوو بۆ دانیشتووانی لوبنان.