خەڵک هۆکارە
گۆڕستانی راپەڕینی قەڵادزێ کراوە بە شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاک
+964
ژێوار خدر
گۆڕستانی راپەڕینی شاری قەڵادزێ وەک زبڵدانی لێهاتووە و زبڵ و خاشاکێکی زۆری لێکۆبووەتەوە و سەرۆکی شارەوانیش دەڵێت هەرچەند پاکی دەکەینەوە وەک خۆی لێ دەکەنەوە.
ئارام محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ بە 964ـی وت، تیمەکانی شارەوانی و کۆمپانیای تایبەت رۆژانە بەردەوام زبڵ و خاشاکی ناو شار کۆدەکەنەوە و لە وێستگەی سەرەکی ژێرخاکی دەکەن، بەڵام هاوڵاتیان پاشماوەکانیان دەبەن لەو شوێنانە فڕەی دەدەنەوە و ئەمەش وادەکات بەردەوام خۆڵ و خاشاک کۆببێتەوە، هەرچەندیش پاک بکرێتەوە پێیانەوە دیار نییە.
روونیشیکردەوە، هەفتانە دوو سێ رۆژ ناوچەکانی دەوروبەری شار پاک دەکرێنەوە و بەردەوامیش لەلایەن شارەوانییەوە چاودێری ئەو شوێنانە دەکرێت، بەڵام هاوڵاتیان خۆیان هۆکارن بۆ پیسبوونی شوێنێکی وەک گۆڕستانەکە.
لە قەلادزێ یەک وێستگەی سەرەکی ژێرخاککردنی زبڵ و خاشاک هەیە، دەکەوێتە باکووری قەڵازدێ، سەرۆکی شارەوانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات زبڵەکانیان و پاشماوەی دروستکردنی خانوو و بینا لەوێ فڕێ بدەن، ناوچەکانی دەوروبەری شاریش بەکارنەهێنن لە پێناو پاکڕاگرتنی ناوچەکە.