هاتوچۆى هەولێر داوایەکى لە شۆفێران هەیە
“بەناو ئەو رێڕەوانەدا لێبخوڕن کە بە بۆیاغى سپى رەنگ کراوە”
964+
وریا فەتاح
رۆژانە تیمەکانى ئەندازەى هاتوچۆى هەولێر لێرەو لەوێ چەند شەقامێک بە بۆیاغى سپى هێڵکارى دەکەن و سایدەکان لە یەکترى جیا دەکەنەوە، بەڵام وەک ئەوەى هاتوچۆى هەولێر باسى دەکات، شۆفێران بەناو رێڕەوەکاندا ناڕۆن.
هاتوچۆى هەولێر لە پۆستێکیدا کە لە پەڕەى هەولێر ترافیک بڵاوى کردووەتەوە، نوسیویەتى،” دوای ئەوەی ئەندازەی هاتووچۆی هەولێر بەهەوڵ و ماندووبونێکی زۆر توانی شەقامەکانی شاری هەولێر دووبارە هێلکاری و بۆیاغ بکاتەوە کەهەم سیمایەکی جوان بەشەقامەکان دەبەخشێت هەم سەلامەتی هاتووچۆدابین دەکات، بەڵام ژمارەیەک لە شوفێران پابەند نابن بەڕویشتن لەناو رێرەوەکان”.
هەر بۆیە هاتوچۆى هەولێر، داوا لە شۆفێران دەکات پابەندبن بە رۆیشتن لەناو ئەو رێڕەوانەی بە بۆیاغی سپی هێڵکاری کراون.
964 پەیوەندى بە هێمن حەمەدئەمین، وتەبێژى هاتوچۆى هەولێرەوە کرد بۆ ئەوەى بزانێت کە پابەند نەبوون بە لێخوڕین لە ناو هێلەکاندا دەچێتە چوارچێوەى سەرپێچى هاتوچۆ یان نا، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکە نەدرایەوە.