بەرپرسێکى کامپەکە:
کامپى مەخمور بۆردوومان نەکراوە
964+
وریا فەتاح
بە وتەى بەرپرسێکى کامپەکە، دەنگۆى بۆردوومانى کامپى مەخمور دوورە لە راستییەوە و غاز تەقیوە.
بێوار ئەمین، ئەندامى بەڕێوەبەرایەتى لیژنەى پەیوەندییەکانى کامپى مەخمور کە بە کامپى شەهید رۆستەم جودى ناسراوە، بە 964ـى وت،” کاتژمێر 10:00 بەدواوە دەنگێکى بەهێز لە کامپەکە بیسترا، سەرەتا وامانزانى بۆردوومانە، بەڵام دواتر دەرکەوت بۆردوومان نییە و قلینەى غاز تەقیوە”.
بە وتەى بێوار ئەمین، لەو کاتەدا کە دەنگە گەورەکە بیسترا لیژنەیەکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە کەمپەکە بوون، بەڵام کاتێک گەیشتینە شوێنە هیچ پاشماوەیەکى بۆردوومان نەبوو.
وەک باسى دەکات، ئەو شوێنەى دەنگەکەى لێ بیستراوە باخێکى ترێیبە لەناو کامپەکە و بە غازەکە سەرقاڵى دروستکردنى دۆشاوى ترێ بوون، بەڵام قەلینەکەى ئاگرى گرتووە و تەقیوە و دەنگێکى گەورەى هەبووە.
لەبارەى زیانەکانەوە پشتڕاستى کردەوە کە هیچ زیانێکى گیانى نەبووە و لەو کاتەى تەقیوە، هیچ کەسێکى لێ نەبووە.
964، چەند جارێک پەیوەندى بە قایمقامى مەخمورەوە کرد، بەڵام وەڵامى پەیوەندییەکانى نەدرایەوە.
کامپەکە لە ساڵى 1998ـەوە لە بنارى چیاى قەرەچوغ لە قەزاى مەخمور دروستکراوە و تایبەتە بە پەنابەرانى باکورى کوردستان، پێشتریش چەندین جار لەلایەن تورکیاوە بۆردومان کراوە، بیانووەکەشى ئەوەیە کە کامپەکە بووە بە شوێنى حەوانەوە و پێگەیاندنى ئەندامانى پەکەکە.