حکومەتی عێراق گواستنەوەی ناسنامەی لە سنوری ماددەی 140 راگرت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ھەموو جۆرە گواستنەوەیەکی ناسنامەی باری شارستانی لە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140 راگرت.

بەپێی نوسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی عێراق کە رێکەوتی 15ی ئەم مانگەی لەسەرە، ھەموو ئەو مامەڵانەی پێشتر کراون بۆ گواستنەوەی ناسنامەکان لە سنوری ماددەی 140 ھەڵدەوەشێنەوە و بۆ داھاتووش رێگری لە مامەڵەی نوێی گواستنەوەی ناسنامە دەکرێت بۆ ناوچە کوردستانییەکان.

نوسراوەکە واژۆی لیوا ریاز جوندی کەعبی بەڕێوەبەری گشتی باری شارستانی بەوەکالەتی لەسەرە و بە ناونیشانی “گواستنەوەی دۆسیەی ھاوڵاتیان بۆ ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستووری عێراق” دەستپێدەکات.

بەڕێوەبەری گشتی باری شارستانی بەوەکالەت نوسراوەکەی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی باری شارستانی، پاسپۆرت، نشینگەی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای دیالە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی باری شارستانی لە کەرخ و رەسافە کردووە.

لە نوسراوەکەدا هاتووە “تایبەت بە دۆسیەی ئەو ھاوڵاتیانەی دۆسیەکانیان بە ئەلیکترۆنی کراوە لەو ناوچانەی ماددەی 140 دەیانگرێتەوە و ژمارەی نیشتیمانییان پێدراوە و زانیاریی بایۆمەترییان جێگیرنەکراوە، فەرمانکراوە بە فەرمانگەکانی باری شارستانی بە گەڕاندنەوەی دۆسیەی ئەو ھاوڵاتیانە و ھاوشێوەیان بۆ فەرمانگەکانی باری شارستانیی پێشوو، تا ئەو کاتەی ماددەی 140 یەکلایی دەبێتەوە.”

ماددەی 140 لە دەستووری عێراقدایە، تایبەتە بە چارەسەری کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2014ەوە هیچ هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە.