بە شێوازێکى دڕندانە
باوکێک کوڕە تەمەن سێ مانگەکەى خۆى دەخنکێنێت و تەرمەکەشى دەخاتە ناو تانکى ئاوى خواردنەوە
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
درەنگانێکى ئەمشەو، باوکێک بەشێوازێکى دڕندانە منداڵە تەمەن سێ مانگەکەى خۆى دەخنکێنێت و بەوەش کۆڵى لێنادات و تەرمە بچوکەکەى دەخاتە ناو تەنکى ئاوى خواردنەوەى سەربان.
رووداوەکە درەنگانێکى ئەمشەو، لە ناحیەى تازەى سەر بە شارى کەرکوک روویداوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئاسایشی نیشتمانی کەرکوک بە 964ـی وت، درنگانێکی ئەمشەو بەهۆی کێشەیەکى خێزانى لە نێوان و پیاوێک و هاوسەری دووەمی، پیاوەکە هەڵدەستێت بە تاوانێک و کوڕە سێ مانگانەکەی خۆى دەخنکێنێت.
وەک باسى دەکات، دواى خنکاندنى دەیخاتە ناو تانکى ئاوى خواردنەوەى سەربان و دایکى منداڵەکەش کە هاوسەرى دووەمى پیاوەکەیە هێزە ئەمنییەکان لە رووداوەکە ئاگادار دەکاتەوە.
“دواى ئاگادارکردنەوە بەزوویى مەفرەزەیەک لە ئاسایشى نیشتمانى دەگاتە شوێنەکە و تەرمى منداڵەکە دەردەهێننەوە و باوکەکە دەستگیردەکەن”، سەرچاوەکەى ئاسایشى نیشتمانى کە ناو و پۆستەکەى لاى 964 پارێزراوە واى وت.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئێستا پیاوەکە دەستگیرکراوە لە بنکەى پۆلیسى تازە دەستبەسەرە.
ناحیەی تازە بە دوورى 20 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی شاری کەرکوک و زۆربەی دانیشتوانەکەی لە پێکهاتەی تورکمانی شیعە مەزهەبە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح