ئێران ئاوی زێی بچووکی گرتووەتەوە

گرفتی کەمی ئاو بۆ دانیشتوانی قەڵادزێ دروست بووە

+964

محەمەد عەلی ـ راپەڕین

وڵاتی ئێران لە رێی بەنداوی کۆڵەسەوە ئاوی زێی بچووکی بەتەواوی گرتووەتەوە، ئەمەش گرفتی بۆ پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ دروستکردووە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاسیش دەڵێت، ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت قەڵادزێ بێ ئاو دەبێت.

مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس، ئەمڕۆ دووشەممە 26.8.2024 بە 964ـی وت، ” وەک ساڵانی رابردوو ئێران ئاوی زێیی بچوکی گرتووەتەوە، بەوهۆیەوە لەکۆی شەش پەمپی ئاوی پڕۆژەکە تەنیا دانەیەکیان کاردەکات و ئاویی پێویست ناگاتە پڕۆژەکە.

روونیشیکردەوە، لە رۆژانی رابردوودا، چوار پەمپی پڕۆژەکە بەردەوام کاریان کردووە بۆ دابین کردنی ئاو، بەڵام ئێستا تەنیا دانەیەک کاردەکات و ئاوا بڕوات ناتوانین ئاو دابین بکەین بۆ دانیشتوانی قەڵادزێ، ئەو ئاوەشی کە هەیە هی سەرچاوەکانی ناوخۆیە.

”زێی بچوک لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەر چاوە دەگرێت و نزیکەی 400 کیلۆ مەتر بە خاکی باشوری کوردستاندا تێدەپەڕێت، جگە لەوەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ و سلێمانی دابین دەکان، سەدان حەوزی ماسی و چەندین دۆنم زەوی بەراو کردووە“.

”بۆچارەسەری ئاساییشی ئاو پێویستە بەربەستێکی کاتی دروستبکەینەوە، بۆئەوەی لەبەردەم پڕۆژەکە ئاوەکە گلبدەینەوە و ئاوی پێویست بگات بە پەمپەکان و کار بکەن یان ئێران ئاوەکە بەر بداتەوە، ئینجا دەتوانین ئاوی خواردنەوە دابین بکەین.” مارف محمود وای وت.

بەقسەی بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس، ئاوا بەردەوام بێت بەئەگەری زۆرەوە بەیانی ئاوی شاری قەڵادزێ دابەش ناکرێت، تاکو بەربەستە کاتیەکەش دروست دەکەنەوە بەم شێوەیە دەبێت و کێشەی دابەشکردنی ئاو بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت، هەرچەندە ئەمە چارەسەرێکی کاتییە، زۆر جار بە بەردانەوەی ئاوەکە ئەو بەربەستە کاتییەی بە چەو و لم دروستی دەکەین ئاوەکە رایدەماڵێتەوەو دیسان گرفتەکە دروست دەبێتەوە، بۆیە پێویستی بە بەر بەستێکی هەمیشەیی هەیە کە لەتوانای ئێمەدا نیە دروستی بکەین“.

پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ %95 ئاوی خواردنەوەی شارەکە دابین دەکات و توانای خەزنکردنی 20 ملیۆن لیتر ئاوی هەیە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بۆ گرفتی کەمئاویی هه‌ولێر تەر...

ملیارێک و 500 ملیۆن دینار بۆ گرفتی کەمئاویی هه‌ولێر تەرخان كرا