هێشتا هەندێ گوند کارەبایان نییە
بۆ یەکەمجار کارەبا دەگەیەندرێتە ناوچەی باڵێڵانی قەزای پشدەر
+964
ژێوار خدر
بۆ یەکەم جار کارەبا دەگەیەندرێتە ناوچەی باڵێڵان لە گوندی ئەشکەنەی قەزای پشدەر، بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕینیش دەڵێت، کاریگەری دەبێت لەسەر ئاوەدانبوونەوەی گوندەکە و زیادبوونی رێژەی دانیشتووانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە عەلی محەمەد، بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین بە 964ـی وت، بەهۆی ئەوەی ئەو گوندانە دوورەدەستن، پێویست بووە قۆناغ بە قۆناغ کارەبایان پێبگەیەنین، چونکە بەهۆی دوورییەکەیەوە پێویستیان بە بودجەیەکی زۆر بووە.
وتیشی، پڕۆژەکە بە بڕی 99 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی %8ـی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای راپەڕین جێبەجێ دەکرێت، ئێستا کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەستی پێکردووە و بڕیارە لە ماوەی یەک مانگدا تەواو بکرێت.
لە سنووری قەزای پشدەردا، پێنج بۆ شەش گوندی دیکە هەن، کە تا ئێستا کارەبایان پێنەگەیشتووە، بە قسەی بەڕێوەبەری کارەبای راپەڕین، بەهۆی ئەوەیە پێشتر ئەو گوندانە بەهۆی راگواستنەکانی رژێمی بەعسی پێشووەوە چۆڵکراون، ئێستا وردە وردە خەریکە خەڵکەکە دەگەڕێنەوە و بە دابینکردنی ئەو جۆرە پڕۆژانەش، ژمارەی دانیشتووانی گوندەکان بەرەبەرە زیاد دەکەن و گوندەکان ئاوەدان دەبنەوە.
ناوچەی باڵێڵان لە گوندی ئەشکەنە، دەکەوێتە قەزای پشدەر و نزیکە 20 ماڵی لێیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 150 بۆ 200 کەس دەبن.