خانەخوێ و ئاوارە تێیدا دەخوێنن

قوتابخانەیەكی نۆ پۆلی لە باسرمە كرایەوە

964+
ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ پێنجشەممە قوتابخانەیەكی نوێی نۆ پۆلی لە ناحیەی باسرمە لە سنووری قەزای هەریر كرایەوە، بڕیارە 400 منداڵی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەرانی كەمپی هەریر لێی سوودمەندبن، پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، لەگەڵ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەكان نین.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە، قوتابخانەكە بنەڕەتی و تێكەڵاوە و ناونراوە قوتابخانەی سەرسورە، كە لەسەر رووبەری 2500 مەتر چوارگۆشە لە لایەن شارەوانی لە باسرمە دروستکراوە.

قوتابخانەكە لە 9 پۆلی خوێندنی قوتابیان پێكهاتووە، بە 500 هەزار دۆلار لەلایەن رێکخراوی UNHCR بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتیی قەیرانەکانی پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر، بە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردەى حکومەتی هەرێمی کوردستان بونیادنراوە.

جێكردنەوەی قوتابیانی ئاوارە و پەنابەر لە قوتابخانەكە، لە كاتێكدایە حكومەتی عێراق دەیەوێت تەواوی كەمپی ئاوارەكان لە كوردستان دابخات و خەڵكی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوور بگەڕێنێتەوە شوێنی خۆیان.

لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە 964ی وت، “قوتابخانەكە بۆ منداڵانانی خانەخوێی ناحیەكە و هەروەها ئاوارە و پەنابەرانی نیشتەجێی سنوورەیەكە لە كەمپی هەریر، ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارە و پەنابەران نین، تا ئەو کاتەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بۆ ئەمەش سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاری داوە”.

ئەمساڵ 500 قوتابخانە دەخرێنە خزمەتی خوێندنەوە

ئەمساڵ 500 قوتابخانە دەخرێنە خزمەتی خوێندنەوە