بە 14 تیم خەریکی کۆنتڕۆڵ کردنی بوون

دوای نۆ کاتژمێر ئاگرەکەی چیای زۆزک کۆنتڕۆڵ کرا

+964

ژێوار خدر

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، لە چیای زۆزکی سنووری ئیدارەی سۆران، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و بەرگری شارستانی سۆران بەچەند تیمێک سەرقاڵی کۆنتڕۆڵ کردنی بوون و دواجار دوای نۆ کاتژمێر توانییان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، بە 14 تیم کە پێکهاتبوون لە 65 کارمەند و هەشت ئەفسەر، دوو تیمی پۆلیسی دارستان، تیمێکی وەڵامدانەوەی خێرا و کۆمەڵێک لە خۆبەخشانی ناوچەکە، دوای نۆ کاتژمێر لە کار کردنی بەردەوام توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

روونیشیکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە ناوچەیەکی مینڕێژکراو و سەخت بووە و بایەکی بەهێزی هاتووە، کارمەندەکانییان پێویست بووە چەند کاتژمێرێک بە پێ بڕۆن بۆ گەیشتن بە شوێنی ئاگرەکە، بۆیە نەیانتوانیوە زوو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە 964ـی وت، تا ئێستا بە دیاریکراوی نەمانتوانیوە دەستنیشانی هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە بکەین، بەڵام بەپێی ئەزموونی خۆمان و بە حوکمی ئەوەی ئەو شوێنە شوێنێکی وانییە ئاگر لێێ بکەوێتەوە گومان دەکەین بە دەستی ئەنقەست و لەلایەن هاوڵاتییانەوە سوتێندرابێت.

وتیشی، لە ساڵانی رابردوودا حاڵەتی لەم شێوەیەمان هەبووە، لە کۆتایی مانگی هەشت و سەرەتای مانگی نۆدا، هاوڵاتییان لەو شوێنانە دارە تەڕەکان دەسوتێنن بۆ ئەوەی بیانبڕنەوە و بۆ زستان سوودیان لێ وەربگرن و ئاشکراشی کرد، هەفتەی رابردوو لەسەر هەمان    بابەت دوو کەسییان دەستگیر کردووە، ئێستاش لەگەڵ پۆلیسی دارستان لە لێکۆڵینەوەدان بۆ دەستگیرکردنی هەرکەسێک کە دەستی هەبووبێ لە سووتانی چیاکە.

سەبارەت بە زەرەر و زیانەکانی ئاگرەکە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران وتی: زیانێکی زۆری ژینگەیی هەبووە، نزیکەی 150 بۆ 200 دۆنم دارودەوەنی چیایی و پوشوپەڵاش سووتاوە، جگە لەوەی ئاژەڵ و باڵندەیەکی زۆر لەو چییایە دەژین بەهۆی ئەوەی شەو بووە نەمانتوانیوە بزانین ژمارەیان چەندە، بەڵام گومان دەکەین ژمارەیەکی زۆری ئەو ئاژەڵانەش زیانییان بەرکەوتبێ و سووتابن و هەوا و ژینگەی ناوچەکەش زۆر پیس بووە.

سۆران خۆی لە ئاگر دەپارێزێت

سۆران خۆی لە ئاگر دەپارێزێت