حەڤدە گوند دەحەسێنەوە

میدیازان – سەعید محەمەد – هەولێر

لە قەزای بەردەرەش شاڕێیەکی گرنگ نۆژەن دەکرێتەوە کە رێگای حەڤدە گوندی لەسەرە.

ئەندازیار مونیرە محەمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکانی قەرەناس تا کەورەسۆر بە میدیازانـی راگەیاند، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەو دووبارە قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکانی قەرەناس تا کەورەسۆر کەوتۆتە بواری جێبەجێکردن کە کۆمپانیای کارڤین کاری تێدا دەکات و ١٧ گوند دەگرێتەوە.

رێگەی قەرەناس -کەورەسۆر کە ١٧ گوندی لەسەرەو دەکەونە سنووری ناحیەی کەڵەک و ناحیەی دارەتووی سەر بە قەزای بەردەڕەش، تەواوی ئەو گوندانە دەبەستێتەوە بە رێگای سەرەکی چوون بۆ دهۆک و هەولێر لە ناحیەی کەڵەک کە دەکەوێتە بەرانبەر قەزای خەبات لە سنووری پارێزگای هەولێر.

شەقامەکە درێژییەکەی ٤٤ کیلۆمەترە، دانیشتووانی گوندەکانی قەرەناس، خرابە یاسین، گربدە، بارەوان، دارەتوو، بییۆک، دالەرێ، بەنێنان، بەرگێل، کەلکان، شەمسەخر، مۆریلان، خارووک، کۆرا، خەندەک،  بشیریان و  کەورەسۆر، بە ئاسانتر دەتوانن کارەکانیان بەڕێ بکەن.

ئەندازیار مونیرە محەمەد، سەرپەرشتیار پرۆژەی قیرتاوکردنی رێگاکە بەمیدیازانی راگەیاندند دەستمانکردووە بە قیرتاوکردنی رێگای قەرەناس کەورەسۆر کە درێژییەکەی 44کم دەبێت، تێچووەکەشی ١٩ ملیارەو لەلایەن کۆمپانیای کارڤین جێبەجێ دەکرێت.

بە قسەی ئەندازیارەکە بێ، ئەو کەرەستەیەی لە دروستکردنی شەقامەکە بەکاردێ “ستاندارتی جیهانییە بەڵام بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گونجاو نیە”.