بە تێچووی 511 ملیۆن دینار
ژمارەیەک پرۆژەی کارەبا لە سنووری رانیە چوونە بواری جێبەجێ کردنەوە
+964
توانا نەقی
ژمارەیەک پرۆژەی کارەبا بە تێچووی 511 ملیۆن دینار لە سنووری ئیدارەی راپەڕین چوونە بواری جێبەجێ کردنەوە و لە ماوەی مانگێکدا تەواو دەبێت.
پرۆژەکان لەسەر 8%ـی داهاتی کارەبا لە سنووری ئێدارەی سەربەخۆی راپەڕین جێبەجێ دەکرێن و چەندین گوندیش لێی سوودمەند دەبن.
عەلی محەمەد بەڕێوەبەری کارەبای رانیە بە 964ـی وت، ژمارەی پرۆژەکان 11 پرۆژەن و ئەگەر کێشەی پارەیان بۆ دروست نەبێت سەرجەمیان لە ماوەی مانگێکی دیکەدا تەواو دەبێت و ئێستا هەموویان چونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی، هەریەک لە گوندەکانی باڵێڵان، درزەیان، سەرگەنێڵ، گرتک، زەنگڵان و زورکان مەحاویلە و کارەیان بۆ دابینکراوە.
هەروەها چارەسەر کردنی کرۆسەکانی کارەبای ناو رانیە و رووناک کردنەوەی شەقامی دەربەندی رانیە لەگەڵ گەیاندنی کارەبا بە فەوجێکی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێکی دیکەیە لەو پرۆژانەی جێبەجێ دەکرێن.
بەڕێوەبەرەی کارەبا ئاماژەی بەوەشکر، ئەگەر هیچ کێشیەک نەیەتە پێش لە رووی داراییەوە ئەوە لە ماوەی مانگێکدا و بەشێکیان زووتریش تەواو دەبن.