بۆ پشکنینی بایۆمەتری
سێ یەکەمی زانکۆکان ئاگادار دەکرێنەوە و سێ رۆژ کاتیان ماوە
+964
توانا نەقی
دوای بڕیاری دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەبێت سەرجەمیان پشکنینی بایۆمەتری ئەنجام بدەن، زانکۆی سەلاحەدین ئاگاداریان دەکاتەوە و دەڵێت، سێ رۆژ کات ماوە و سەردانیان بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، زانکۆی سەڵاحەدین بڵاویکردەوە، سەرجەم ئەو دەرچووە یەکەم و دووەم و سێیەمانەی زانکۆی سەلاحەدین ئاگادار دەکەینەوە کە ماوەی رابردوو بەپێی ریزبەندی بانکمان بۆ دیاریکردن بۆ مەبەستی ئەنجامدانی پشکنینی بایۆمەتری کە بچن بەدەم داواکەیانەوە.
دەشڵێت، تا ئێستا ئەو یەکەمانە پەیوەندییان بە بانک نەکردووە، پێویستە بە زووترین کات سەردانی بانک بکەن و پشکنینی بایۆمەتری ئەنجام بدەن.
پێشتریش عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە 964ی وت، “وەزارەتی خوێندنی باڵا داوا لەسەرجەم زانکۆکان دەکات تا بەرواری 8.8.2024، ھەموو ئەو سێ یەکەمانەی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەھەر ھۆکارێک بووە پرۆسەی بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە سەردانی بنکەکانی بایۆمەتری بکەن و بایۆمەتری ئەنجام بدەن”.
زانکۆکە ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی 8.8.2024 کە دەکاتە رۆژی پێنجشەممە دوا وادەیە بۆ سەردانیکردنی بانک و ئەنجامدانی پشکنینی بایۆمەتری.