"ژمارەیەکى زۆر دارى گەورە سووتاون"
ئاگرەکەى گۆیژە بەردەوامە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
زیاتر لە دوو کاتژمێرە شاخى گۆیژە دەسوتێت و تائێستا نەکوژێنراوەتەوە، لێپرسراوى دارستانى شاخى گۆیژە و ئەزمڕیش دەڵێت، ژمارەیەکى زۆر دارى گەورە سووتاون.
لە دواى کاتژمێر 9:00ـى ئەمشەوەوە، ئاگر لە شاخى گۆیژە کەوتووەتەوە و بە وتەى رزگار ساڵح، لێپرسراوى دارستانى گۆیژە و ئەمڕ، ئاگرەکەى ئەمشە و نزیکەى چوار دۆنمى سووتاندووە کە تێیدا ژمارەیەکى زۆر دارى گەورە سووتاون.
ئاگرەکە تائێستا بەردەوامە و لە بەشى خوارەوەى چیاى گۆیژەش بە دیوى سلێمانى سەروى چاڤیلاند کەوتووەتەوە.
تیمەکانى بەرگرى شارستانى و خۆبەخشان لە هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکە.
لەم هەفتەیەدا ئەوە جارى دووەمە چیاى گۆیژە بە دیوى سلێمانیدا ئاگرکەوتنەوە تێیدا روودەدات و جارێکیش بە دیوى دۆڵ میراندا سووتا بوو.
لاى خۆیەوە، گۆران قادر سەرۆکى لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامییەتى سلێمانى بۆ 964 باسى لەوەکرد کە دواى ئەم رووداوانە رێنمایى نوێ بۆ پاراستنى شاخى گۆیژە و گەشتیاران و هاوڵاتیان دەگیرێتەبەر.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح