لە پۆستەکەی لابراوە
بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی خانەقین: گەندەڵیم نەکردووە و سکاڵا تۆمار دەکەم
+964
راژان مەجید – خانەقین
نەمانی بەڕێوەبەری بەشی ئاوەڕۆ لە خانەقین و گوایە دەرکردنی بە تۆمەتی بردنی پارەی گشتی و دەستکاریکردنی کوالێتی پرۆژەکان، لە نیوەڕۆوە بووەتە قسە و باسی ناوخەڵک و سۆشیال میدیا لەو سنوورە بۆیە خۆیشی دەڵێت، من گەندەڵیم نەکردووە و سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەم.
964 لە رێگەی پەیمانێری خانەقینەوە بەدواداچوونی بۆ راست و دروستی ئەو بابەتە کرد و لەگەڵ بەڕێوەبەرەکە و ئیدارەی قەزاکەش قسەی کردووە.
ئەو پرۆژەیەی کە گوایە ئەو بەڕێوبەرە گەندەڵی کردبێت لەسەری پرۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکی سیروانە لە خانەقین کە گەڕەکێکی گەورەیەو زیاتر لە 2000 خێزانی تیادا دەژی.
ئەبو حەیدەر هاوڵاتییەکی گەڕەکەکەیە و بە 964ـی وت، “پرۆژەکە کارەکانی بەباشی ناچن بەڕێوە بۆنمونە ئاستی مەنهۆڵەکە لای ماڵمان بەرزە و و هیچ قوڵی نییە و یەک باران ببارێت ئاو ماڵەکەمان ئەبات وەک چۆن لە زستانی پێشوو تووشی ئەو حاڵەتە بووین”
دلێر حەسەن سایە قایمقامی قەزای خانەقین بە 964ـی وت، ئەوەی روویداوە تەنیا گۆڕینی بەرێوەبەری فەرمانگەیەکە و ئەسڵەن کتابی گۆڕانکاریەکەش جارێ بە قایمقامییەت نەگەیشتووە و تەنیا بە قسە ئاگادارکراوین و سەبارەت بە هەر دزین و کارێکی نایاسایی هیچ بەڵگەیەک بەردەست نییە و ئەگەر هەبێت خۆیان ئاشکرای دەکەن بۆیە ئەوەی دەوترێت ئێستا هەندێک قسەی بێ بەڵگەن لەسەر ئەو بەڕێوەبەرە.
کامەران ئەحمەد عەبدولقادر، بەرێوەبەری لابراوی بەشی ئاوڕۆی خانەقین بە 964ـی وت، “ناومایان زڕاندووە بەبێ هیچ بەڵگەیەک و پڕۆژەکە لەلایەن دیوانی پارێزگای دیالەوە کاری لێ دەکرێت، بەڵام ئێمە سەرپەرشتیاریمان کردووە و سەبارەت بە هەندێک کەموکورتی چەند جارێک بەشەکانی سەروو خۆمان ئاگادار کردووەتەوە و زۆری پێ ناچێت هەموو ئەوانەی ناوی منیان بەم کارە لەکەدار کردووە سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەم”.
پرۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکی سیروان لە خانەقین ماوەکەی سێ ساڵە و بودجەی یەک ملیار و 800 ملیۆنی بۆ خەرجکراوە و ئێستا زیاتر لە ساڵێکی ماوە تاکو بە تەواوی تەواو بکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی