رێگەپێدانی نەبووە
ئەو پۆندەی لەلایەن گەنجانی باڵەکیانەوە دروستکرابوو تێکدرا
964+
ئاکام غەفور – سۆران
ئەو پۆندەی گەنجانی گوندی باڵەکیان دروستیان کردبوو لە سەر رووباری گوندەکە بۆ مەلەوانی کردن تێکدرا.
لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت، پۆندەکە رێگەپێدانی نەبووە بۆیە تێکمانداوە، گەنجانی گوندەکەش ناڕازین لە تێکدانی.
فەرزنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا بە 964ـی وت،”راستە پۆندەکە بە بڕیاری ئێمە تێکدراوە، بەهۆی ئەوەی مۆڵەتی دروست کردنی نەبوو”.
964، هەوڵیدا زانیاری زیاتر لە سەر هۆکاری تێکدانی پۆندەکە لە بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا وەربگرێت، بەلام ئەو ئەوەندەی وت، ئەو رێنماییە لە سەرچاوەکانی ئاو هاتووە و ئێمە لێدوانی لەبارەوە نادەین.
محەمەد سەرهەنگ، گەنجێکی ناوچەکەیە بە 964ـی وت، بەداخەوە کە ئەو پۆندە تێکدرا، رۆژانە بە مەبەستی مەلەکردن و خۆفێنکردنەوە روومان لێ دەکرد، سوودی زۆری هەبوو بۆ ئێمە لە کاتی نەبوونی کارەبا منداڵ و گەنج لەو گۆمە خۆمان فێنک دەکردەوە.
گوندی باڵەکیان سەر بە ناحیەی دیانایە لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
پێداچوونەوە: توانا نەقی