"بەبێ فلتەر ناخورێتەوە"

دژى بەرزبوونەوەى نرخى کرێى ئاو دانیشتوانى هەوارى زانکۆ لە سلێمانى گردبوونەوە

964+

دیلان محەمەد- سلێمانى

لە پڕۆژەى هەوارى زانکۆ لە سلێمانى ئەو ئاوەى بەبێ بەکارهێنانى فلتەر شیاوى خواردنەوە نییە، ئێستا بۆ هەر مەتر سێجایەک یەک هەزار و 750 دینار لەسەر هاوڵاتیان دەکەوێت، وەک باس دەکرێت خیزانێکى چوار کەسى مانگانە نزیکەى 100 هەزار دینارى بۆ دێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، دانیشتوانى پڕۆژەى هەوارى زانکۆ لە گەڕەکى قولەرەیسى، دژى بەرزبوونەوەى نرخى کرێى ئاو گردبوونەوە.

وەک ئەوەى دانیشتوانى پڕۆژەکە قسەیان بۆ 964 کرد، پێشتر لە گۆترە خانووەکان مانگانە 25 هەزار دینار و شوقەکان 15 هەزار دینار، کرێى ئاویان دەدا و پێشیان زۆر بوو.

دوو مانگە کۆمپانیا پێوەرى ئاوى بۆ دانیشتوانى پڕۆژەکە بەستووە، ئێستا هەر مەتر سێجایەک ئاو 1750 دینار لەسەر هاوڵاتیان دەکەوێت، ئەوەش بەرزترین نرخە کە لیژنەکانى قایمقامییەت دایان ناوە.

كێ لەو کێشەیە بەرپرسە؟

بە قسەی هاوڵاتیانی پڕۆژەكە، قایمقامییەت 350 دینار نزمترین نرخ و 1750 دینار بەرزترین نرخی وەک نرخى مەتر سێجا ئاو دیارى کردووە، بەڵام لە پڕۆژەى هەوارى زانکۆ بەرزترین نرخ وەرگیراوە، بەمەش نرخى کرێى ئاو بۆ هەر خێزانێک کە لە پڕۆژەکەدا دەژین مانگانە لە نێوان 70 بۆ 100 هەزار دینار دەبێت.

964 پەیوەندیی بە قایمقامییەتی قەزای ناوەندی سلێمانییەوە كرد، ئەوان رایانگەیاند ئەو بابەتە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و پەیوەستە بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانییەوە.

964 هەروەها پەیوەندی بە كۆمپانیای بەرپرس لە پڕۆژەكە كرد، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێك لەمبارەیەوە بدەن.

هەروەها 964 لە هەوڵی ئەوەدایە لێدوانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی وەربگرێت و وردەكاریی زیاتر بخاتەڕوو.

نوێكرایەوە 2:20

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانیش پەیوەندی پێوە نییە

بەختیار تاهیر بەرێوەبەری ئاوی سلێمانی بە 964 وت، پرۆژەی هەواری زانکۆ ئەو پارەی ئاوەی وەردەگیرێت پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەوە نیە، خاوەنی پرۆژە پێوەری بۆ بەستوون و خۆی نرخەکەی دیاریکردوە و پارەیان لێوەردەگرێت.
باسی لەوەش کرد، پرۆژەکە هەر مەتر سێگۆشەیەک بە 500 دینار لە شەمعەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو دەکڕێت و پارەی تێچووی گواستنەوە و دابەشکردنی لە هاوڵاتیان وەردەگرێت، پڕۆژەكە ئەو هەلەیان قۆستووەتەوە و بە ناوی ئاوی سلێمانیەوە وەردەگیرێت.
هەروەها ئەوەی خستەڕوو، ئەو ئاوەی دابەش دەکرێت نە ئاوی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوە و نە پارەکەی وەردەگرن، لە بارەی نەشیاوی بۆ خواردنەوەش، رایگەیاند سبەی بەدواداچونی بۆ دەکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

کێشەکانى کۆکردنەوەى پارەى ئاوى ماڵان لە سنوورى راپەڕی...

کێشەکانى کۆکردنەوەى پارەى ئاوى ماڵان لە سنوورى راپەڕین بەردەوامە