"لە داهاتی ناوخۆ"
وزارەتی دارایی: سبەی موچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا دابەش دەکرێت
964+
ژووری هەواڵ
سبەی پێنجشەممە دەستدەکرێت بە دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی داراییش دەڵێت، موچەکە لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24.7.2024، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کورستان رایگەیاند، لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی و ئابوری سبەی موچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی مانگی ئایار دابەش دەکرێت.
“وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ هیچ تەمویلێکی بۆ مووچەی مانگی ئایارو حوزەیرانی وەزارەتی کارەباو پەرلەمانی کوردستان نەناردووەو هەردوو مانگەکە لە داهاتی ناوخۆ دابین کراوە”، وەزارەتی دارایی وا دەڵێت.
وەزارەتەکە راشیگەیاند، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم موچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە لە هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.