مۆدریچ بۆ لای رۆناڵدۆ

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانەی نەسڕی سعوودی هێڵێکی دانوستانی لەگەڵ لۆکا مۆدریچی ئەستێرەی کرواتی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کردەوە.

یانه‌ی نه‌سڕی سعوودی رایانگەیاندووه‌، پێشبڕکێ لەگەڵ کات دەکه‌ن بۆ رازیكردنی مۆدریچ، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ ریزه‌كانی یانه‌كه‌یانه‌وه‌ بكات له‌ ماوه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زستانه‌دا.

رۆژنامه‌ی “مەیدان”ـی سعوودیه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ بڵاویكرده‌وه‌، كارگێڕی یانه‌ی نەسڕ ئۆفەرێکی به‌ نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە پێشكه‌ش به‌ مۆدریچ كردووه‌ و ده‌یانه‌وێت بۆ دوو ساڵ و نیو گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

یانه‌كه‌ هەوڵدەدات له‌ رێگه‌ی بوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی له‌ ریزه‌كانیدا، کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ لوکا مۆدریچدا هەیە، یاریزانه‌ كرواتییه‌كه‌ بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.

یانه‌ی نه‌سڕ ده‌یه‌وێت له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زستانه‌وه‌ مۆدریچ بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ رازیكردنی یاریزانه‌كه‌ش سه‌ركه‌وتووبێت، گفتوگۆ لەگەڵ ئیدارەی ریال مەدرید ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م زستانه‌وه‌ بیباته‌ ریزه‌كانی و گرێبه‌سته‌كه‌ی بكڕێته‌وه‌، كه‌ هێشتا شه‌ش مانگی له‌گه‌ڵ یانه‌ی شاهانه‌دا ماوه‌.

ئیدارەی یانەی نەسر هاوینی رابردوو گفتوگۆی لەگەڵ مۆدریچ کردبوو، ئەویش ره‌زامەندیی دەربڕی لەسەر پەیوەندیکردن بە تیپەکەوە، بەڵام دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال لە هاوینی 2023.

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی ئه‌وه‌ی كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م زستانه‌ش مۆدریچ په‌یوه‌ندی به‌ نه‌سڕه‌وه‌ نه‌كات، ئەوا گرێبەستەکە بۆ هاوینی داهاتوو دوادەخرێت.

رودی گارسیای راهێنەری فەڕەنسیی یانەی نەسڕ، داوای له‌ یانه‌كه‌ی كردووه‌ لە گواستنەوەکانی ئه‌م زستانەدا یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی بۆ بگوازنه‌وه‌.