"داهاتەکەی بۆ حکومەت نییە"

رۆیتەرز: داهاتی مانگانەی نەوتی قاچاغ لە هەرێم 200 ملیۆن دۆلارە

964+

ژووری هەواڵ

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، رۆژانە سەدان تانکەری نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی قاچاغ هەناردەی تورکیا و ئێران دەکرێن و داهاتەکەی لە مانگێکدا نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارە.

ئاژانسەکە نووسیویەتی، بۆ دەستکەوتنی زانیارییەکان قسەی لەگەڵ زیاتر لە 20 بازرگانی نەوت و ئەندازیار و بەرپرسی حکومی کردووە و دەرکەوتووە کە رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت بە رێگەی قاچاغ دەگەنە خاکی تورکیا و ئێران.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، لەوەتەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان راگیراوە، بەقاچاغبردنی نەوت زیادیکردووە و رۆژانە نزیکەی هەزار تانکەر نەوتی قاچاغ دەگوازنەوە.

بەرپرسانی عێراقیش نیگەرانن و دەڵێن، بەهۆی بردنەدەرەوەی نەوت بە رێگەی نایاسایی، ناتوانن پابەندییەکانیان لەگەڵ ئۆپیک جێبەجێ بکەن.

عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە رۆیتەرزی رایگەیاندووە، بەقاچاغبردنی نەوتی کوردستان پەسەند نەکراوە و کۆمپانیای سۆمۆ تاکە قەوارەی فەرمییە کە رێگەی پێدراوە نەوتی خاوی عێراق بفرۆشێت.

لەبارەی ئەوەی کە ئایا داهاتی فرۆشتنی نەوت بە قاچاغ دەچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێم، ئایا هەرێمی کورستان مافی فرۆشتنی نەوتی هەیە بە قاچاغ، 964 پەیوەندیکرد بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەت، و هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی، بەڵام هیچکامیان وەڵامیان نەدایەوە.

لە راپۆرتەکەی ئاژانسی رۆیتەرزدا هاتووە، داهاتی فرۆشتنی نەوت بە قاچاغ، ناچێتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

عێراق هەناردەی نەوتی کەرکوکی راگرتووە

عێراق هەناردەی نەوتی کەرکوکی راگرتووە